ئەمرۆ یەكشەممە ٢٠٢٤/٨/٤ مامۆستا دڵشاد عومەر بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پێشوازی لە نوێنەرانی تۆڕی گەشەپێدانی پێڕەو كرد كە بەمەبەستی پشتگیری و پشتیوانی هاتبون لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی سەبارەت بە داگیركردنی زەوی ئامادەیی كشتوكاڵی بەكرەجۆ (١٨٢) دۆنم بە كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان كە بە بێ رەزامەندی وەزارەتی پەروەردە دەیانەوێت بكرێتە پرۆژەیەكی تایبەت، لەبری ئەوەی سوود لەو زەویانە وەربگیرێت بۆ كەرتی پەروەردە بۆ دروستكردنی بینای قوتابخانە كە ساڵ بە ساڵ كەرتی پەروەردە زیاتر پێویستیەتی.
نوێنەرانی تۆڕی گەشەپێدانی پێڕەو لەكۆبونەوەكەدا ئامەژەیان بەوەدا كە پشتگیری هەڵوێستی مامۆستا دڵشاد عومەر دەكەن دەربارەی هەوڵ و ماندوبونی بۆ پاراستن و بەكارهێنانی زەوییەكان بۆ بەرژەوەندی و پەرەپێدانی بواری پەروەردە و پێشخستنی لە سنوری پارێزگای سلێمانی. و رێگەنەدانی بە كەسانی بەرژەوەندی خوازی تایبەت بۆ بردنی زەویە تایبەتەكانی وەزارەتی پەروەردە.
پاشان مامۆستا دڵشاد عومەر سوپاس و دەستخۆشی لێكردن بۆ خەمخۆرییان و هەڵوێستی جوانیان بۆ پرۆسەی پەروەردە و شاری سلێمانی بە تایبەتی كە پشتگیری لە موڵكی گشتی دەكەن.