كۆتا پەیامی مامۆستا دڵشاد عمر محمد كریم بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی

ئەمرۆ دووشەممە رێكەوتی ٢٠٢٤/٨/١٩ مامۆستا دڵشاد عمر محمد كریم بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كۆتا پەیامی ئاراستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندانی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كرد و ماڵئاوایی لێكردن و سوپاس و دەست خۆشی لێكردن كە هاوكار و خەمخۆر و دڵسۆز و بەشدار بون لە بەرەوپێشچونی پرۆسەی پەروەردە لە سنوری پارێزگای سلێمانی.

پەیامی مامۆستا دڵشاد عمر محمد كریم بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی:

هاوکارانم لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی
بەرێزان / سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و كارمەندان
سڵاوی پەروەردەو زانستتان لێبێت
لەماوەی ٩ ساڵی کارکردنم لەگەڵ ئێوەی بەڕێوەبەری پەروەردەکان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و لێپرسراوی هۆبەکان سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و کارمەندان بە ئاسوودەیی زۆر سوودمەند بووم بە پێشنیارو ڕاو بۆچوونەکانتان، کە خۆشەویستیتان بووە بۆ پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن، هەرچەندە ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سەخت بووینەتەوە بەڵام دواجار گەشبین بووین بۆ ڕۆژانی داهاتوو، هەرگیز دەرفەتێکتان لەدەست نەداوە بۆ دەوڵەمەندکردنی پرۆسەی پەروەردە، هیواو ئاواتی هاوبەشتان هەبووە من هیچیان لەبیر ناکەم ئێوە پشتیوانی من بوون لەم پۆستەدا. هیوادارم بە هەوڵی هەمووان توانیبێتمان هەنگاومان نابێت بۆ گۆڕانکاری لە ناوەندەکانی خوێندندا بە بێ جیاوازی و لایەنگری حزبی بە یەکسانی و دادپەروەری.

هەروەها لەماوەی دەست بەکاربوونم لە ٢٠١٥/٧/٥ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووە کە تاکو ئێستاش بەردەوام قەیران هەیە.
سەرەڕای کێشەو گرفتەکان و قەیرانەکان و نیگەرانییە سەختەکان بە هەوڵی دڵسۆزانەی ئێوەو هاندانی ڕێکخراوەکان و وەبەرهێنەران و سەرمایەداران و خێرخوازان لە نۆژەنکردنەوە و دروست کردنی قوتابخانەو دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن درێغیتان نەکردووە.
دووبارە دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە میهرەبانییە دەردەبڕم کە پێشکەشتان کردووم بۆ سەرخستنی پرۆسەی پەروەردە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی.
بەهیوام پەیامم بگاتە هەموو فەرمانبەران و کارمەندان و مامۆستایان
هەمیشە هاوکارو پشتیوانتان دەبم
هەربژین سەرکەوتوو بن.
لەگەڵ رێز و وەفا و حورمەت

براتان
دڵشاد عمر محمد کریم
٢٠٢٤/٨/١٩