بەڕێوەبەری نوێی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەست بەکاربوو

رۆژی یەک شەممە ٤ ی٥ ی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی بەڕێزان د.هەڤاڵ ابوبکر پارێزگاری سلێمانی و شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگار و نوێنەری نوسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی و بەرێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و بەڕێوەبەری بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان و ژمارەیەک لە شارەزایانی پەروەردە لەناو هۆڵی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان لە مەڕاسیمێکدا مامۆستا نەژاد عبداللە وەک بەڕێوەبەری نوێی گشتی پەروەردەی سلێمانی ناسێندرا و دەست بەکار بوو.
سەرەتا ساتێک بە وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و مامۆستایانی کۆچکردوو دەستیپێکرد.
دواتر ژیاننامەی مامۆستا نەژاد عبداللە لەڕێگەی کورتە ڤیدۆیەک بە ئامادەبووان ئاشناکرا
لە مەڕاسیمەکەدا بەڕێز دکتۆر هەڤاڵ ابوبکر پارێزگاری سلێمانی باسی لەڕۆڵی مامۆستا نەژادکرد لە پڕۆسەی پەروەردەدا توانیویەتی سەرکەوتووانە کارەکانی بەڕێوەبەرێت و پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەکردو ڕایگەیاند کە چۆن پێشتر هاوکارو پشتیوانی پڕۆسەی پەروەردەیان کردووە هەربەردەوام دەبین و پاڵپشتیان دەکەین.
هەروەها بەڕێز شاهۆ عوسمان نوێنەری نوسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەستبەکاربونی پێشکەش بە مامۆستا نەژاد کرد وەک بەڕێوەبەری نوێی گشتی پەروەردەی سلێمانی ناساندو پیروزبایی کاک قوباد و خۆی ئاڕاستەکردو هیوای سەرکەوتنی بۆخواستن.
لەکۆتایدا مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەی نوێێ گشی پەروەردەی سلێمانی وتەیەکی پێشکەش کردو زۆر سوپاسی ئامادەبووانی کرد کە ئامادەبوون لە مەڕاسیمەکەدا و پەیامی خۆی ئاڕاستەکردن.
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
برایانی بەڕێزم جەنابی دکتۆر(هەڤاڵ ابوبکر) پارێزگاری سلێمانی و کاک (شاهۆ عوسمان) جێگری پارێزگاری سلێمانی و نوێنەری نووسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوڕێیانی بەڕێزم بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و سەرپەرشتیاران و مامۆستایانی ئازیزم لەناخی دڵمەوە بەخێرهاتنێکی گەرمتان لێدەکەم، سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێزتان دەکەم بۆ مەڕاسیمی دەستبەکاربونم وەک بەڕێوەبەی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ئامادەبوونتان متمانە و توانا و هێز و وزەبەخشە بۆ ئەرکی نوێم لەناو کایەی پەروەردە.
دەمەوێت لەناخی دڵمەوە زۆر سوپاسی بەڕێز کاک (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم کە بۆ پێدانی ئەم متمانە گەورەیە بە بەندە کە هەمیشە پشتیوان و هاوکارم بوون وە زۆر سوپاسی نوسینگەی بەڕێزیان دەکەم لە سلێمانی و هەولێر کە ئەرکی زۆریان کێشاوە لە تەواوکردنی کارە کارگێڕیەکاندا بۆ ئەم ئەرکەم دووبارە سوپاسی یەک بەیەکیان دەکەم.
هاوکات سوپاسی بەڕێز وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پشتیوان و هاوکارم بووە.
ئازیزانم ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگە لە ژیانی وەزیفی بەندە و مایەی خۆشحاڵیە و منیش بەشاهیدی ئێوەی بەڕێز بەڵێن دەدەم سەرەتا بەخودای گەورە و دواتر بە ئێوەی ئازیز و گشت لایەک ئەوەی لەتوانامدابێت بە هاوکاری وەزارەتی پەروەردە و ئێوەی ئازیز دەیکەن بۆ خزمەتکردنی پڕۆسەی پەروەردە درێغی نەکەم بۆخزمەتکردنی پەروەردە و فێرکردن لە پارێزگای سلێمانی خۆشەویست هەروەها بەهەموو توانای خۆمەوە هەوڵی سەرخستن و پێشخستنی پەروەردە دەدەم لەناو ناوەندەکانی خوێندن و خێزان و کۆمەڵگا بەگشتی.
بەڕێزان نامەوێت زۆر لە کاتتان بگرم دووبارە سوپاستان دەکەم ئامادە بوونتان بەرز دەنرخێنم.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوبن
دیارە سەرکەوتنی هەرکەسێک ماندووبوون و دڵسۆز و شەونخونی زۆری دەوێت، زۆر خوێندکاری سەرکەوتو وەفاداریش هەن کە هەمیشە ئەو کەس و مامۆستایانەیان لە بیرە کە لەقۆناغەکانی ژیانیاندا بەرپرس و بەڕێوەبەر و هاوکار و ڕێنیشاندەریان بوون، ڕۆژانێک وانەی پەروەردە و فێرکرن و ژیانیان پێ وتون، مامۆستا نەژاد کە ئەمڕۆ دەیەوێت لەم مەڕاسیمە گرنگەی ژیانیدا ڕێز لەوانە بگرێت و پێیان بڵێت سوپاس بۆ دڵسۆزیتان و بەڵێن دەدەین ئێمەش لەو سۆنگەیەوە بەردەوامبین لە خزمەتکردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن.
مامۆستا نەژاد خەڵاتی وەفا و سوپاسی پێشکەش بەم بەڕێزانە کرد:
١-بەڕێز لیوا بەختیار چیمەنی/ بەڕێوەبەری پێشوی هۆشیاری نیشتیمانی هێزەکانی پشتیوانی دوو
٢- مامۆستا کمال نوری/ بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی ڕۆژئاوا
٣- مامۆستا دڵشاد عمر/ بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی گشتی سلێمانی کە ساڵانێکی زۆر لە خزمەتی پەروەردە و فێرکردندا بووە
٤- مامۆستا عمر محمد امین/ یاردەدەری پێشووی پەروەردەی گشتی سلێمانی
٥-مامۆستا بکر محمد/ بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی ڕۆژئاوا
٦- مامۆستا صباح/ بەڕێوەبەری پێشووی ئامادەیی سلێمانی کوڕان
٧-مامۆستا ڕووناک/ سەرپەرشتیارو مامۆستای پێشوی ناوەندی وەتەن
٨- مامۆستا فاروق/ بەڕێوەبەری ئامادەیی سلێمانی کوڕان
٩- مامۆستا کامل/ مامۆستای پێشوی قوتابخانەی حەمدی.
ئامادەبووان چەپکەگوڵ و پیرۆزباییان ئاڕاستەی بەڕێوەبەری نوێی گشتی پەروەردەی سلێمانی کرد و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست.