یادی ١٠٠ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی قوتابخانه‌ی ئه‌یوبییه‌ به‌رز ڕاگیرا

رۆژی سێشه‌ممه‌ ١٣ ی ٥ ی ٢٠٢٥ به‌ سه‌رپه‌رشتی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی به‌ ئاماده‌بونی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د خانمی یه‌كه‌می عێراق و به‌رێزان د.ئالان حمه‌ سعید وه‌زیری په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مامۆستا برهان ئەرگوشی ڕاوێژکاری پێشکەوتووی وەزارەت و مامۆستا جبار جمال غریب ڕاوێژکاری وەزارەت و ڕگەز ڕەشید بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا نه‌ژاد عه‌بدوڵا به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و شاره‌زایانی په‌روه‌رده‌یی و رۆشنبیران و مامۆستایان و خوێندكارانی قوتابخانه‌ی ئه‌یوبییه‌ی بنه‌ڕه‌تی یادی ١٠٠ ساڵه‌ی قوتابخانه‌ی ئه‌یوبییه‌ كرایه‌وه‌.
قوتابخانه‌ی ئه‌یوبییه‌ له‌ دامه‌زراندنیه‌وه‌ قوتابخانه‌یه‌كی ئاسایی نه‌بووه‌ به‌ڵكو مه‌ڵبه‌ندێكی زانستی و ڕۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی بووه‌ و بۆته‌ هه‌وێنی سه‌دان كه‌سانی سیاسی و ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ له‌ شاری سلێمانی شوێن په‌نجه‌یان دیاربووه‌ هه‌تاوه‌كو ئێستاش ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ له‌ خزمه‌تكردن و پێگه‌یاندنی منداڵانی شاره‌كه‌ به‌رده‌وامه‌.
سه‌ره‌تا به‌ ساتێك بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و مامۆستایانی كۆچكردوو ده‌ستیپێكرد.
له‌م یاده‌دا وه‌زیری په‌روه‌رده‌ وتارێكی پێشكه‌ش كرد و تێیدا باسی مێژووی دروستبونی قوتابخانه‌كه‌ی كرد و كه‌ چه‌ندین كه‌سایه‌تی گه‌وره‌ له‌و قوتابخانه‌یه‌ پێگه‌یشتوون و خزمه‌تیان كردووه‌ به‌ شاری سلێمانی و كوردستان، دواتر ڕێزلێنان به‌خشرایه‌ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ خزمه‌تیان به‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و قوتابخانه‌كه‌ كردووه‌.
هه‌روه‌ها چه‌ند چالاكیه‌كی هونه‌ری و كه‌لتووری به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ نمایشكرا كه‌ له‌ لایه‌ن مامۆستایان و خوێندكارانی قوتابخانه‌كه‌وه‌ ئاماده‌كرابوو.
مێژوی قوتابخانه‌ی ئه‌یوبییه‌
یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی میری له‌ سلێمانی كه‌ كرایه‌وه‌ ( روشدیه‌ عه‌سكه‌ری ) بو، خوێندن تێیدا به‌ زمانی توركی بو، وه‌ك كۆلێجی سه‌ربازی ئێستا وابو، به‌ڵام دوای نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی له‌ بینای ئه‌و قوتابخانه‌ مه‌كته‌بی (سلیمانیه‌ الاولی) ١٩٢٣ كرایه‌وه‌و به‌ جۆرێ خه‌ڵكی ده‌سڕۆیشت و به‌ توانا مناڵی خۆیان نارده‌ ئه‌وێ. دوای ناونرا ( فه‌یسه‌ڵیه‌) قوتابی مانگی ڕوپێییه‌كیان ده‌دا، ئه‌ویش بۆ پێداویستی مامۆستا و قوتابی خه‌رجده‌كرا. خه‌ڵكی شار ئه‌و بینایانه‌یان به‌ پاره‌ و توانای خۆیان دروستكردبو، كاتێك مۆفه‌تیش هات سه‌یریكرد شار پێویستی به‌ مه‌كته‌بێكی تر هه‌یه‌ بۆیه‌ پێشنیاریكرد قوتابخانه‌یه‌كی تریش بكرێته‌وه‌.
یه‌كه‌م جار قوتابخانه‌كه‌ ناوی ( مدرسه‌ السلیمانیه‌ الپانیه‌ ) بو، شوێنی قوتابخانه‌كه‌ له‌ جێی ئێستای ئاشی ( عبدالكریم )بوه‌ له‌ بازاڕی مه‌یانی ماسته‌كه‌.
سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی قوتابخانه‌كه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ١٩٢٥/٩/١ سه‌ر به‌ دائیره‌ی معارفی كه‌ركوك بوو، عبدالله‌ زێره‌وه‌ری شاعیر ( ١٨٧٥ – ١٩٤٨ ) یه‌كه‌م مامۆستای ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ بوو.
عزیز شاڵی یه‌كه‌م قوتابی بوه‌.
ژماره‌ی قوتابیان له‌م قوتابخانه‌یه‌ ساڵی ١٩٢٦ ته‌نها ٥١ قوتابی كوڕ بوه‌، عه‌یب بو كچ بخوێنێت.
ساڵی ١٩٢٨ مامۆستا عبدالقادر ئه‌فه‌ندی به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ بوه‌و ژماره‌ی قوتابیانی ٦٦ قوتابی بوو. ساڵانه‌ مۆفه‌تیش له‌ ( كه‌ركوك )ه‌وه‌ سه‌ردانی قوتابخانه‌ی كردوه‌و سه‌رنج و تێبینی و ڕێنمایی پێشكه‌ش كردون، ئه‌م ڕێنماییانه‌ بۆته‌ هۆكاری به‌ره‌وپێشچونی قوتابخانه‌.
سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی خوێندن له‌م قوتابخانه‌ میریه‌دا قوتابیانی موسڵمان و جوله‌كه‌ و مه‌سیحی هه‌ژار بون.
ژماره‌ی قوتابیان ساڵی ١٩٢٥ تا ١٩٣٤، ١٢٤ قوتابی بوو.