سیمینارێک لەسەر دڵنیابوونەوەی کواڵیتی پەروەردەو خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ ی ٩ ی ٢٠٢٥ بەسەرپەرشتی مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بە ئامادەبوونی خاتوو نەرمین حسین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی و مامۆستا سەربەست کریم بەڕێوەبەری ڕاهێنان و پەرەپێدانی پەروەردەیی و خاتوو ڕاز عبدالکریم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری خوێندنگەو سەرپەرشتیاران و ڕاهێنەران بەشدارییان کرد لە سیمینارێک کە لەلایەن د. هونەر خۆشەوی عیسا سکرتێری گشتی دەستەی متمانە بەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی کوردجینیەسی ٢ بەڕێوەچوو.

ئەم دەستەیە دڵنیاکەرەوەی زانستی متمانە بەخشینە بە دامەزراوەکانی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە ڕێگەی هەڵسەنگاندن و بەخشینی بڕوانامەی متمانە بە دامەزراوەکان و کار لەسەر دڵنیابوونەوەی کواڵیتی پەروەردەو خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەکات.

ئامانجی سەرەکی ئەم دەستەیە هەڵسەنگاندن و پێدانی بڕوانامەی متمانە بە شێوەیەکی یەکسان بۆ سەرجەم قوتابیان لە ڕێگەی دروستکردنی کلتوری و هەڵسەنگاندن و بەرەوپێشچوونی بەردەوام و دڵنیابوونەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردەیی و زانستی دامەزراوەکان و بەدیهێنانی ئامانجە گشتییەکانی دامەزراوەکانی پەروەردەو خوێندن بە مەبەستی پێگەیاندنی نەوەیەکی بەرپرسیارو هۆشیارو بەرهەمدار.