ئامادەیی سەڵاحەدینی کوڕان یەکێکە لە خوێندنگە دێرینەکانی شاری سلێمانی و دەکەوێتە گەڕەکی کانێسکان و لە ساڵی ١٩٦٣ بنیادنراوە، چەندین سەرکردەو ڕۆشنبیری تێدا هەڵکەوتووەو خزمەتیان بە شارەکە کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٨ ی ٩ی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی بەڕێزان دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبکر پارێزگاری سلێمانی و مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و دکتۆر صباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و پ.د. دانا مەولود بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڤیژن ئێجیوکەیشن و مامۆستا ڕۆزا رووف بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و شاندی وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرو یاریدەدەرو مامۆستایانی ئامادەیی سەڵاحەدینی کوڕان و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی لە دوای نۆژەنکردنەوەی ئامادەیی سەڵاحەدینی کوڕان کرایەوە.
ئەم خوێندنگەیە لەسەر بڕیاری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن ئێجیوکەیشن بە شێوازێکی مۆدێرن نۆژەنکرایەوە کە هەموو پێداویستییەکانی خوێندنی بۆ دابین کراوە وە کارەبای سۆلاری بۆ دانراوە، هەروەها لە حەوشەی خوێندنگەکە شوێنێک دروستکراوە ئاوی باران گلدەداتەوەو ریسایکڵ دەکرێت و بەکارئەهێنرێتەوە، پێوەری سەلامەتی تێدایەو گۆڕەپانێکی یاری تێدادروستکراوە.
لە ئێستادا خوێندکاران دەتوانن لە ژینگەیەکی لەبارو پاکوخاوێندا درێژە بە خوێندن بدەن.
ئامادەیی سەڵاحەدینی کوڕان هەميشە پێشەنگ بووە ساڵانە ژمارەیەک لە یەکەمەکان لەسەر ئاستی هەرێم لەم خوێندنگەیە بووە.
مامۆستا نەژاد بە پێویستی زانی کە زۆر سوپاسی بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نووسینگەی بەڕێزیان بکات کە هەمیشە پاڵپشتی پرۆسەی پەروەردەیان کردووە.
هەر لەم مەراسیمەدا بەناوی بەڕێز د. ئالان حمە سعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە زۆر سوپاسی کاک نێچیرڤان بارزانی کرد کە هەمیشە دەستکراوە بووەو پشتگیری پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە، وە سوپاس و دەستخۆشی لە دامەزراوەی ڤیژن ئێجیوکەیشن کرد کە ئەم خوێندنگەیەی بەو شێوازە نموونەییە نۆژەنکردۆتەوە تاکو خوێندکاران بە ئاسودەیی تێیدا بخوێنن.









