قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلی نوێ لە قۆناغی تەواوبووندایە

ئەمڕۆ ١٨ ی ٩ ی ٢٠٢٥ مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە یاوەری خاتوو شیلان غفور بەڕێوەبەری بیناسازی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان پرۆژەی قوتابخانەیەکی نوێی بەسەرکردەوە کە لە قۆناغی تەواوبووندایە، دەکەوێتە گەڕەکی خەلیفاوای شاری سلێمانی و لە سنووری بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاوایە.

ئەم قوتابخانەیە لەلایەن بەڕێز کاک ئازاد تۆفیق هەورامی خاوەنی کۆمپانیای بەیزا لەسەر ئەرکی بەڕێزیان دروستکراوە بە شێوازێکی مۆدێرن و قوتابخانەیەکی ١٨ پۆلییەو دەخرێتە خزمەتی منداڵانی گەڕەکی خەلیفاوا کە لە ئێستادا لەناو دوو خانووی کرێدا دەخوێنن. بۆ خوێندنی ئەمساڵ ئەم قوتابخانەیە دەکرێتەوە.

مامۆستا نەژاد زۆر سوپاس و دەستخۆشی لە بەڕێز کاک ئازاد کرد کە ئەو ئەرکە پیرۆزەی خستۆتە سەر شانی خۆی و ئەم قوتابخانەیەی لەناو یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانی درووستکردووە، هیوای لەش ساغی و تەندروست باشی بۆ خواست و نمونەی زۆر زیاتر بێت.