ئەمڕۆ 25/10/2018، بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەو مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاكان، مەڕاسیمێكی رێزلێنان بۆ مامۆستا پەروین ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سازكرا بە بۆنەی خانەنشینكردنیەوە.
لە مەڕاسیمەكەدا بەڕێز وەزیری پەروەردە وتەیەكی پێشكەشكرد، تیایدا سوپاسی مامۆستا پەروینی كرد بۆ ئەركو ماندوبوونی كە چەندین ساڵە بخزمەتی بواری پەروەردە دەكات، وە هیوای سەركەوتن و تەنەن درێژی بۆ خواست.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیش ستایشی رۆڵی یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی كرد لە پێشخستنی كەرتی پەروەردە لە سلێمانی.
پاشان خەڵاتی رێزلێنان لەلایەن وەزیری پەروەردەو ئامادەبووانەوە بەخشرایە مامۆستا پەروین ئەمین.
پاش مەراسیمی رێزلێنانەكەش بەڕێز وەزیری پەروەردە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەرورەردەی قەزاكان و بەشەكانی ناو دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كۆبووەوەو گفتوگۆكرا سەبارەت بە رەوشی خوێندن و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان.
ژیاننامەی مامۆستا ( پەروین ئەمین ئەحمەد)
* لە ساڵی 1954 لەگەڕەكی دەرگەزێنی سلێمانی لەدایك بووە
* خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواو كردوە و هەمیشە خوێندكارێكی وشیار و زەیرەك بووەو هەموو قۆناغەكانی خوێندنی بە سەركەوتوویی تەواو كردوە.
* لەساڵی 1977 بڕوانامەی بەكالۆریۆس/ فیزیای لە زانكۆی بەغداد بەدەستهێناوە.
* لە 9/11/1977 لەناوەندی هەڵەبجەی كچان بۆتە مامۆستای فیزیا و یەكەم وانەی پەروەردەیی وتۆتەوە.
* لەدوای دوو ساڵ خزمەت وەك مامۆستایەكی سەركەوتوو گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی سۆلاڤی كچان لە سلێمانی .
* لەبەر تەواو نەكردنی ماوەی یاسای دەرەوەی شار گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی تاسڵوجەی تێكەڵاو بۆ تەواوكردنی، لەگەڵ ئەوەشدا وانەكانی لەناوەندی سۆلاڤ وتۆتەوە.
* دوای تەواوكردنی خزمەتەكەی گواستراوەتەوە بۆ ناوەندی رەنگینی كچان وەك یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانە.
* لە ساڵی 1988 گواستراوەتەوە بۆ ئامادەیی شیرینی كچان لەسەر هەڵوێستی نیشتمانی.
لەدوای راپەڕینەوە:
* لە 11/9/1991 وەك بەڕێوەبەری دواناوەندی رەنگینی كچان دەستبەكاربووە
* لە 11/10/1995 بووە بە سەرپەرشتیاری پسپۆڕی فیزیا
* لە 22/6/1998 بووە بە سەرپەرشتیاری كارگێڕی
* لە 6/11/2004 بووە بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی پەروەردەی ئیدارەی سلێمانی و تەكلیف كراوە بە وەرگرتنی بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیری پەروەردە لەكاتی (د. شەونم عەبدولقادر).
* لەدوای یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێر لە 19/6/2006 وەك یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەستبەكاربووە تاكو خانەنشین بوونی.
* لەماوەی كاركرنیدا لەبواری پەروەردەدا بەشداری زیاتر لە 50 وۆركشپۆ و خولی راهێنانی كردووە
* ژمارەیەكی زۆر خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشراوەو 45 رێز و سوپاسی وەرگرتوە.
لەزۆر بواری تردا كاری كردووە:
* ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بووە
* چەند ساڵێك سەرۆكی رێكخراوی منداڵدۆستانی كوردستان بووە بەخۆبەخشی
* ئەندامێكی چالاكی یەكێتی ژنانی كوردستان بووە
* ئەندامی لیژنەی باڵای ریفراندۆم بووە لە ساڵی 2005.