ئەمڕۆ 17/12/2018، لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان رۆژی ئاڵای كوردستان بەرز راگیراو بەو بۆنەیەشەوە لە شاری سلێمانی چەند چالاكییەك بەڕێوەچوو.
سەرەتا بە ئامادەبوونی دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بەڕێز ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاواو سەرپەرشتیاران و مامۆستایان، لە ئامادەیی (شەهید روشدی عەلی شەریف)ی کوڕان، مەڕاسیمێك سازكرا.
لە مەڕاسیمەكەدا پارێزگاری سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكرد، تیایدا ئاماژەی بەبەرز راگرتنی رۆژی ئاڵا كرد، هەروەها باسی گرنگی رۆڵی پەروەردەی كرد لە گەشەكردنی بیری نەتەوەیی و نیشتمان پەروەری.
پاشان پەردە لەسەر ئاڵایەكی گەورەی كوردستان لادرا و شانۆگەرییەك و چەند سروودێكی نیشتمانی و نەتەوەیی پێشكەشكرا.
هەر بەم بۆنەیەوە، بە ئامادەبوونی پارێزگارو بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە، راكردنێكی ماوە درێژ ئەنجامدرا بە سەرپەرشتی یەكێتی ماراسۆنی كوردستان و بە هاوكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی.
لەبەردەم پارێزگای سلێمانی پێشوازی لە وەرزشكارەكان كراو پارێزگاری سلێمانی دەستخۆشی لێكردن و پیرۆزبایی لە یەكەمەكان كرد.
هەروەها ژمارەیەك مامۆستا قوتابی و قوتابخانەی سلێمانی بنەڕەتی یەكی ناحكومی و باخچەی منداڵانی (وەسان) سەردانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانییان كرد لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و پیرۆزبایی رۆژی ئاڵایان لێكرد.
لەلایەن خۆیەوە مامۆستا دڵشاد عومەر سوپاسی كردن و رایگەیاند كە ئێوە نەوەی دوارۆژن و ئەركی پاراستنی نیشتمان و ئاڵای كوردستان دەكەوێتە سەر شانی ئێوە.
مێژووی ئاڵای کورستان بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان لە مهاباد دەگەڕێتەوە، هەرچەندە پێشتر لە دامودەزگاکانی باشووری کوردستاندا ئاڵای کوردستان هەڵدەکرا، بەڵام رۆژی 11-11-1999، پەرلەمانی كوردستان یاسای ئاڵای کوردستانی پەسەندکرد و لە 19ـی حوزەیرانی ساڵی 2004 بە بڕیاری ژمارە 48 رۆژی 17ـی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێكی بە رۆژی ئاڵای كوردستان دانا.
ئاڵای کوردستان لە لاکێشەی ئاسۆیی پێکھاتوە، لاکێشەی سەرەوە رەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند ڕنگی سپی یە، و لاکێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە، لە ساڵی 2009دا پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، ڕۆژی 17ی کانوونی یەکەمی ھەموو ساڵێک، ڕۆژی ئاڵای کوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە.
دروشمی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە 21 پەڕ (تیشک) ی یەکسان و ھاوشێوەی ھەیە کە ڕێکەوتی 21ی 3 دەگەیەنێت، کە سەرەتای ساڵی کوردییە، بە لەبەرچاوگرتنی دوو لەسەر سێ یەتی قەبارەی ئاڵا، خۆری زێڕین بە پەڕەکانییەوە یەک پێوەرە و بەبێ پەڕەکان نیو پێوەر، ئەم پەڕانە شێوەیان ڕاستە و لە دەرەوە خالێکی تیژ دروست دەکەن، خۆرەکە دەبێت ڕێک لە چەق (ناوەندی) ئاڵای کورستان جێگیر بێت، خۆر بەشێوەیەک جێگیر کراوە کە ستوونی ناوەندی ئاڵا بە ناو خاڵی تیژی بەرزترین پەڕ (تیشک) تێدەپەڕێت.
واتا و هێمای رەنگەکانی ئاڵای کوردستان:
رەنگی سوور: شۆڕش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانیی.
رەنگی زەرد: رووناکیی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
رەنگی سپی: ئاشتیی، ئارامیی، ئاگربەست.
رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتیی.