یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بەشداری چالاكییەكانی یادی چنارو هێمن دەكات

رۆژی 27/1/2019 مامۆستا ( عومەر محەمەد ئەمین) یاریدەدەری بەڕیوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بۆ بەدواداچوونی كێشەو كەموكوڕییەكانی بواری پەروەردە بەیاوەری (بەختیار محەمەد قادر) بەڕێوەبەری چالاكی هونەری سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە، سەردانی قەزای سەیدسادقی كردو لەیەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا لەگەڵ مامۆستا( سۆران محەمەد مەحمود) بەڕێوەبەری بەرێوەبەرێتی پەروەردەی سەید سادق ، قوتابخانەی راڤەی بنەڕەتی بەسەركردەوە كە قوتابخانەیەكی ئینگلیزییەو دەستخۆشی لەهەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەرو مامۆستایانی قوتابخانەكرد.


دواتریش یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سەیدسادقی كردو بەشداری لە پانێڵێكدا كرد كەبەبۆنەی یادی 27 ساڵەی گیانلەدەستدا هەردوو خوێندكار ( چنارو هێمن) رێكخرابوو، لەسەرەتای پانێڵەكەدا بەڕێوەبەری پەروەردەی سەید سادق باسی لە كەموكوڕییەكانی بینای خوێندنگاو نەبوونی میلاكات و چەند كێشەیەكی تر كرد، هەروەها ئاماژەی بەو پێشكەوتنانەش كرد كەلەپەروەردەی قەزاكەدا بەدیهاتوون، پاشان، مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین وتەیەكی پێشكەشكردو ئاماژەی بە هەوڵەكان كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بواری پەروەردەو باشكردنی بژێوی مامۆستایان و نەهێشتنی كەموكوڕییەكان.


لە وێستگەیەكی تری سەردانەكەشدا، مامۆستا ( عومەر محەمەد ئەمین) یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی هۆڵی رۆشنبیری سەیدسادقی كردو پێشانگایەكی شێوەكاری بەسەركردەوە، دواتریش ئامادەیی چەند چالاكییەكی شانۆیی بوو كە لەچوارچێوەی چالاكییەكانی یادی 27 ساڵەی گیانلەدەستدانی چنارو هێمن لەلایەن چەند قوتابخانەو خوێندنگایەكەوە ئامادەكرابوون، لەكۆتایشدا خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەك لە لێپرسراوان.