ئەمڕۆ 6/2/2019، بە ئامادەبوونی بەڕێز د. پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم و مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی وژمارەیەك لە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاكان و لێپرسراوان و شارەزایانی پەروەردە، كۆلێجی ئەزمڕ بۆ بەهرەداران یەكەم كۆنفرانسی خۆی بە دروشمی (بەرەو دەرخستن و پەرەپێدانی توانا زانستییەكانی بەهرەداران) رێكخست.
لەسەرەتای كۆنفرانسەكەدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتەیەكی پێشكەشكردو ئاماژەی دا بە توانا و ئاستی زانستی كۆلێجی ئەزمڕ، هەروەها بەداتا ئاماری كارو چالاكییەكانی پەروەردەی روونكردەوە.
دواتریش وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم، لەوتەیەكدا دەستخۆشی لەمامۆستایان و سەرپەرشتیارانی كۆنفرانسەكە كردو باسی لە ئاست و توانای خوێندكارانی كورد كرد بەبەراورد بەوڵاتانی ناوچەكە.
لەوتەیەكیشدا بەڕِێوەبەری كۆلێجی ئەزمڕ باسی لە كۆلێجەكەو هەماهەنگییەكانی كرد لەگەڵ زانكۆكان و سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانەشی كرد هاوكارییان كردوون.
پاشان بەرنامەكانی كۆنفرانسەكە دەستیان پێكردو لەدوو پانێڵدا شەش توێژینەوە لەلایەن خوێندكارانەوە پێشكەشكران و لەلایەن ئامادەبووانەوە بیروڕا لە سەر توێژینەوەكان ئاڵوگۆڕكرا.
لەكۆتایی كۆنفرانسەكەشدا مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە راسپاردەكانی خوێندەوەو بە پێشكەشكردنی خەڵات بەسەر مامۆستایان و خوێندكاراندا كۆتایی بە كۆنفرانسەكە هات.