ئەمڕۆ 30/4/2019، دكتۆر پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شاری سلێمانی كردو، لە دەستپێكی سەردانەكەیدا لە بینای پارێزگای سلێمانی لەلایەن دكتۆر هەڤاڵ ئەبووبەكر پارێزگای سلێمانییەوە پێشواری لێكرا، بە ئامادەبوونی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا عومەر محەمەد ئەمین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات و بەڕێوەبەری سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی.
پاش گفتوگۆكردن لەسەر رەوشی پەروەردە، دكتۆر پشتیوان مەدالیای ئاڵتوونی هاوكاری بەخشییە پارێزگار لەپای هاوكاری و دڵسۆزیی بۆ كەەرتی پەروەردە، هەروەها خەڵات بەخشرایە چوار كۆمپانیای هاوكاری كەرتی پەروەردە كە بریتی بوون لە (كۆمپانیای قەیوان، جەمالی حاجی عەلی، گرووپی كۆمپانیاكانی هەڵەبجە و هیوا فاوەندەیشن).
دواتر وەزیری پەروەردە سەردانی ماڵی جەلالی سام ئاغای كردو پاش هەواڵپرسین خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشی لەبەر خەمخۆری بەردەوامی بەڕێزیان و خانەوادەكەیان بۆ كەرتی پەروەردەو دروستكردنی قوتابخانەیەكی 12 پۆلی و ئێستاش خەریكی دروستكردنی باخچەیەكی منداڵانە لەسەر ئەركی خۆی.
لە درێژەی سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی وەزیری پەروەردە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی كرد، لەلایەن عەمید ئاسۆ شێخ تەها بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانییەوە پێشوازی لێكرا، وەزیری پەروەردەش سوپاسی بەڕێوەبەرایەتییەكەی كرد و خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی و سەرجەم بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە كە هاوكاری پەروەردە بوون لە كاتی تاقیكردنەوەكانی پۆلە كۆتاكان.
پاشان دكتۆر پشتیوان سادق سەردانی پاركی هەواری شاری كرد كە چادرگەی دیدەوانی قوتابخانەو خوێندنگاكانی سەر بە پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی تێدا كرابووەوە، بەشەكانی بەسەر كردەوەو سوپاسی ماندبوونی مامۆستایان و قوتابیانی كرد.
ناوەندی پەروەردەیی سەعد شێخ تەیب قەیوانی وێستگەیەكی دیكە بوو لەسەردانەكەی وەزیری پەروەردە بۆ سلێمانی، كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرورەدەی هەڵەبجە چالاكییەكی شانۆییان لەوێ نمایشكردو پاش كۆتاییهاتنی نمایشەكە مامۆستا سۆران بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجە تاجەگوڵینەی پێشكەش بە وەزیری پەروەردەو بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی كرد، وەزیری پەروەردەش سوپاسیكردن بۆ نمایشە جوانەكەیان.
هەر لە میانی سەردانەكەی بۆ پارێزگای سلێمانی، وەزیری پەروەردە لە بینای پارێزگا كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی سازكردو لەسەرەتای قسەكانیدا وتی “ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵبووین جارێكتر هاتووینە شاری سلێمانی و سەردانی چەندین چالاكی دەكەین. یەكێك لەم چالاكییە گرنگانە رێزلێنان و سوپاسكردن لە برای بەرێزم دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكرو ژماریەك لە كەسایەتی و كۆمپانیاكانی شاری سلێمانی بوو كە رۆڵێكی گەورەیان هەبووە بۆ پاڵپشتیكردنی بواری پەروەردەو هەروەها پارێزگاری سلێمانی پاڵپشتی گەورەی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە بووە هەر لە دروستكردن و نوێكردنەوەی باڵەخانەی قوتابخانەكان و دابینكردنی پێداویستی و كەلوپەلی قوتابخانەكان”.
هەروەها گوتی “پەروەردە پەیوەندی بە ئایندەی ڕۆڵەكانمانەوە هەیە بۆیە هەموو كەس پێویستە هاوكاری پەروەردە بێت، ئەو كەلتورە نەك لای ئێمە بەڵكو لە هەموو وڵاتانی دونیا تەنانەت ئەو وڵاتانەی باری داراییشیان زۆر باشە باوەو خەڵكانێك هاوكاری پەروەردە دەكەن. بەداخەوە زۆر جار دەڵێن فڵان كەس توانای دارایی نییە بۆ ئەوەی قوتابخانە دروست بكات، بەڵام ئەگەر یەكێك بتوانیت تەنانەت ژوورێك نۆژەنبكاتەوە بۆ ئەوەی منداڵەكان و مامۆستایان بە جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بن لە خوێندن، خزمەتێكی گەورەی كردووە”.
دكتۆر پشتیوان سادق وەزیری پەروەردە باسی لەوە كرد كە “ئێمە لە ڕێگا، سەردانی قەزای دوكان و هەردوو گوندی گردەبۆرو یەڵانقۆزمان كرد. بەڕاستی بەرێوەبەری قوتابخانەكان و ستافەكانیان شتێكی زۆر جوانیان كردبوو، هیوادارم هەموو بەرێوەبەری قوتابخانەكان چاویان لێبكەن، لە ڕووی ژینگە و پاكوخاوینی و پەروەردەوە وەها كاریان كردبوو كە ئێمە شانازی بەبوونی ئەم جۆرە بەڕێوەبەر و مامۆستایانەوە دەكەین. پاش ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی قوتابخانە، لە گوندی گردەبۆر قوتابخانەیەك دروست و نۆژەنكراوەتەوە كە لە ساڵانی هەشتاكان لەلایەن رژیمی بەعسەوە ڕووخینرایوو، ئێستا بەشێوەیەكی زۆر مۆدیرن نۆژەنكراوەتەوە”.
وەزیری پەروەردە سەبارەت بە ماندوونەناسی مامۆستایان گوتی “دەمەوێت لێرە زۆر سوپاسی هەموو مامۆستایانی خۆشەویست بكەم بۆ خۆڕاگرییان كە نەیانهێشت پەروەردە بوەستێت و منداڵەكانمان بێبەشبن لە خوێندن. سوپاسی تایبەتیم بۆ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و جێگری بەرێوەبەرو هەموو مامۆستایانی پەروەردەی سلێمانی”.
سەبارەت بە كار و پڕۆژە پەروەردەییەكان، دكتۆر پشتیوان سادق وتی “لە ڕووی پەروەردەوە حكومەتی هەرێم كاری زۆری كردووە. بەڵام وەزیری پەروەردە ئەوەشی نەشاردەوە كە “ئەم چەند ساڵە، قەیرانی دارایی كاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر كەرتی پەروەردە هەبووە، بۆ نموونە تەنها ئەمساڵ ١٦٨ هەزار منداڵ گەیشتوونەتە قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی و تەنیا بۆ ئەم منداڵانە پێویستمان بە زیاتر لە ٥٠٠٠ ژوور هەیە، واتا زیاتر لە ٤٠٠ باڵەخانە و قوتابخانەمان پێویستە، بەڵام قەیران وای كرد كە لە سێ ساڵی پێشوو باڵەخانە دروست نەكراوەو وەك پێویست پڕۆژەكان جێبەجێنەكراون، بۆیە بەگشتی ئەگەر ژێرخانێكی باشی پەروەردەییمان هەبێت پێویستمان بە زیاتر لە ملیاریك دۆلار هەیە بۆ ئەوەی بتوانین قوتابخانەكانمان والێبكەین كە گونجاوو پەروەردەیی و زانستیانە بن”.
وەزیری پەرورەدە سەبارەت بە گۆڕانكاری لە نێو پۆستەكانی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاكان لە وەزارەتی پەروەردە وتی “ئێمە بەپێی سیستەمی خۆمان گۆڕانكاریمان كردوە، لە نزیكەی ٤٠ بەرێوەبەری قەزا نزیكەی ٣٠ دانەیانمان گۆڕیوە، ئەو بەڕێزانەی كە گۆڕاون تەنیا لەبەر ئەوە بووە كە گۆڕانكاری بكرێت، دەنا هەموویان كەسانی باشن و ٩٥%یان سەركەوتوو بوون. ئاساییە گەر لە قەزایەك گرفت هەبێت یان كیشە هەبێت”.
سەبارەت بە دانانی مامۆستای گرێبەست دكتۆر پشتیوان سادق وتی “دانانی مامۆستای گریبەست پەیوەندی بە بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، چوار ساڵی رابردوو لەبەر قەیرانی دارایی حكومەت بودجەی نەبووە. كاتێكیش بودجە دانرا بۆ كابینەی نوێ، ئەو كاتە كێشەی گریبەست بەپێی یاسا چارەسەر دەكرێت. سەبارەت بە وانەبیژەكان ئێمە خۆمان ڕێكخستنمان كردووەو وەزارەتی پەروەردە بەپێی میلاكی خۆی و بۆ ساڵی ئایندە وانەبێژی دیاریكردووە. بە هۆی قەیرانەوە نەتوانرا میلاك ڕێك بخرێتەوە، بۆیە ئێمە بە وانەبیژ زۆر كێشەمان چارەسەر كرد. بۆ زانیاریتان و بە پێی ستاندەری جیهانی بۆ هەر ١٥ بۆ ٢٠ قوتابییەك مامۆستا پێویستە، كەچی لای ئێمە بۆ هەر ١٣ بۆ ١٥ قوتابی مامۆستایێك هەیە، بەڵام میلاك ڕێكنەخراوەتەوە. دوای چارەسەركردنی قەیرانی دارایی دەكرێت میلاكات ڕێكبخرێتەوە و بەمەش كیشەی گوندەكان و كەمی مامۆستا چارەسەر دەبن”.
وەزیری پەروەردە لە كۆتاییدا باسی لەوە كرد كە كوردستان گەورەترین خزمەتگوزاری راستەخۆ لە ڕێگای پەروەردەوە پێشكەشدەكات و ڕۆژانە ملیۆنیك و حەوت سەد و پەنجا هەزار قوتابی و خوێندكار راستەخۆ سوود لەو خزمەتگوزارییە وەردەگرن. بەڕاستی جێگای دەستخۆشییە بۆ هەمووان لە وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەم چەند ساڵە زۆر ماندوو بوون. ئێمە بێگومان كەموكۆڕیمان هەیە، بەڵام گەورەترین هەوڵی ئێمە ئەوە بووە كە نەهێڵین پەروەردە تووشی قەیرانی گەورە بێت و بەردەوام بێت”.