وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی گرنگیاندا

رۆژی 7/5/2019، بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری پەروەردەو خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر چەند پرسێکی گرنگ ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە درا:
تەوەری یەکەم: قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی تا ڕادەیەکی باش هاوشێوەی قوتابیانی دیکە لە کۆلێژەکانی یاسا و شەریعە و سەرجەم کۆلێژە مرۆڤایەتییەکان و زمانەوانییەکان وەربگیرێن. ئەمەش دوای کۆبوونەوەی لێژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەت، ڕێنمایی پێ دەردەچێت.
تەوەری دووەم: بە پێی توێژینەوەیەک، بڕیار دەدرێت کە بۆ ساڵی خوێندنی ئایندە، لەو قەزایانەی کۆلێژی پەروەردە هەیە، قوتابیانی ئەو ناوچانە وەربگیرێن بۆ ئەوەی لە ئایندەدا لە خودی خەڵکی ناوچەکە ببنەوە بە مامۆستا و کێشەی میلاکیان نەبێت.
تەوەری سێیەم: پەرەی زیاتر بە پەروەردە وخوێندنی تایبەت بدرێت و کار لەسەر وەرگرتنی زەمالە لە دەرەوەی وڵات بکرێت تا لەسەر ئەرکی هەردوو وەزارەت قوتابی بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.
تەوەری چوارەم: گرنگی زیاتر بدرێت بە باخچەی منداڵان لە کۆلێژەکان بۆ ئەوەی پسپۆڕ لەو بوارەدا پەروەردە بکرێن.
تەوەری پێنجەم: پلانی نوێ بۆ وەرگرتن لە کۆلێژەکانی ئێوارانی پەروەردە و پەروەردەی بنیات دابنرێت بۆ ئەوەی بە پێی پێویستی وەزارەتی پەروەردە قوتابی زیاتر لە بەشە زانستییەکان وەربگیرێن و هاوکار بن بۆ میلاکی وەزارەتەکە.
تەوەری شەشەم: هەوڵ بدرێت دەرەنجامی ئەزموونەکانی وزاری پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە کاتی خۆیدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بنێردرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن و وەرگرتنیان لە زانکۆکان دوا نەکەوێت.