وۆرك شۆپێك لە ژێر ناونیشانی (سیستەمی پڕۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی و قۆناغی بنەڕەتی لەبەڕێوەبەرایەتی پەروەردە) دەستیپێكرد.
ئەمرۆ 7/7/2019، لە هۆڵی (دكتور ئیسماعیل بێشكچی) لە كۆلیژی بنەڕەتی زانكۆی سلێمانی، بەچاودێری بەڕێزان سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دكتۆر رەزا حەسەن و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی مامۆستا دڵشاد عومەر، وە بەئامادەبونی نوێنەری وەزارەتی پەروەردە/ بەشی پڕۆگرامەكان دكتۆر كاوەو چەند كەسایەتییەكی پەروەردەیی و مامۆستایانی زانكۆ، وۆرك شۆپێكی هاوبەش دەستیپێكرد.
لە سەرەتادا وتەی بەخێرهاتن لەلایەن ڕاگری كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی پ.ی.د.عەلی قادر پێشكەشكرا، پاشان سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی وتاریان پێشكەشكرد، دواتر فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری نمایشكرا، كە لەلایەن (بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتیەوە ئامادەكرابوو.
وۆركشۆپەكە بە سپۆنسەری رێكخراوی رێباز فاوەندەیشن بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، ئامانج لێی دروستكردنی هەماهەنگییە لە نێوان كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی پڕۆگرامەكانی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتی، هەروەها پێداچوونەوە بەپڕۆگرامەكانی خوێندنی كۆلێژەكە بەشێوەیەك لەتوانایدا هەبێت پێویستیەكانی خوێندنی بنەڕەتی پڕبكاتەوە، وەداڕشتنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن لەهەردوو قۆناغی زانكۆو بنەڕەتی كە تەواوكەری یەكتربن.