ئەمڕۆ 8/7/2019، بە ئامادەبوونی مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و ژمارەیەك لە پەروەردەكاران و مامۆستایانی زانكۆ، رۆژی دووەم و كۆتایی وۆركشۆپی (سیستەمی پڕۆگرامەكانی خوێندن لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی و قۆناغی بنەڕەتی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە) بەڕێوەچوو.
لە كۆتا رۆژی وۆركشۆپەكەدا لیژنە هاوبەشەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و كۆلێژی پەرەردەی بنەڕەتی لە زانكۆی سلێمانى، سەرنج و تێبینی و پێشنیارەكانیان خستەڕوو، بەئامانجی دروستكردنی هەماهەنگی لە نێوان كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی پڕۆگرامەكانی خوێندنی قۆناغی بنەڕەتی، هەروەها پێداچوونەوە بەپڕۆگرامەكانی خوێندنی كۆلێژەكە بەشێوەیەك لەتوانایدا هەبێت مامۆستای بە توانا پێبگەیەنێت و پێویستیەكانی خوێندنی بنەڕەتی پڕبكاتەوە، وەداڕشتنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن لەهەردوو قۆناغی زانكۆو بنەڕەتی كە تەواوكەری یەكتربن، هەروەها بڕیاردرا پێشنیارەكان بەرزبكرێتەوە بۆ هەردوو وەزارەتی پەرەردەو خوێندنی باڵا بۆ كاركردن لەسەری.
وۆركشۆپەكە لە هۆڵی (دكتور ئیسماعیل بێشكچی) لە كۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی زانكۆی سلێمانی، بەڕێوەچوو بەچاودێری بەڕێزان سەرۆكی زانكۆی سلێمانی دكتۆر رەزا حەسەن و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی مامۆستا دڵشاد عومەر، وە بەسپۆنسەری رێكخراوی رێباز فاوندەیشن.