بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی هەڵمەتێکی سەرتاسەریی لە ناوەندەکانی خوێندن بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ رۆژئاوای کوردستان رادەگەیەنێت.
مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، رایگەیاند: ئەمڕۆ 15/10/2019، بە بەشداریی سەرجەم بەڕێوەبەرێتی پەروەردەکان کە پێکهاتوە لە (12) پەروەردە و (15) سەرپەرشتیاریی، بۆ خزمەتی رۆژئاواو وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و مرۆڤانە بڕیارماندا لە ناوەندەکانی خوێندن و بەبەشداریی مامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکاریان هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی پارە بە شیوەیەکی ئارەزوومەندانە ئەنجام بدەین.
وتیشی :”هەڵمەتەکە لە سبەینێ چوارشەممەوە دەستپێدەکات و رۆژی شەممە کە رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە سەرجەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکان وتارێک بۆ جۆشدانی بیری نەتەوایەتی و بەرگریکردن لە رۆژئاواو ئیدانەکردنی ئەو جینۆسایدەی کە بەسەر نەتەوەکەماندا دێت پێشکەش دەکەن”.
مامۆستا دڵشاد عومەر رایگەیاند: تا کۆتایی دەوامی رۆژی شەممەی داهاتو هەڵمەتەکە لە ناوەندەکانی خوێندن بەردەوام دەبێت دواتر لە هەر سنورێکدا لیژنەیەکی سێ کەسی لە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاو نوێنەرێکی یاسایی و ژمێریارێک ئەو پارەیە کۆدەکەنەوە، دەرئەنجامەکانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رادەگەیەنین و کۆمەكەکە دەدەین بە نوێنەری کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان و مانگی سوری کوردی.
سەبارەت بە کۆکردنەوەی پارە بۆ رۆژئاوای کوردستان، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند: دایک و باوک و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران ئازادن لەوەی بەچەند بەشداریی دەکەن، بۆیەش ئەم هەڵمەتە بە پارە کرا، چونکە هاوکاریی دیکەی جۆراوجۆر زۆرن، رۆژئاواش ئازادە لەوەی پارەکە دەدەن بە دەرمان یان هەر پێداویستییەکی دیکە.