ئاڵای کوردستان پێشکەش بە بەڕێوەبەری گشتی کرا

ئەمڕۆ سێشەممە (١٧/١٢/٢٠١٩)، مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پێشوازیکرد لە بەشێک لە قوتابیانی قوتابخانەی (پێشەنگ- لیدەرس)ی ناحکومی کە بەبۆنەی ڕۆژی ئاڵاوە ئاڵای کوردستانیان پێشکەش بە بەڕێوەبەری گشتی کردو لە دواتردا خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشیە بەڕێوەبەری گشتی.
بەڕێوەبەری گشتیش سوپاسیکردن و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.
مێژووی ئاڵای کوردستان بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان لە مهاباد دەگەڕێتەوە، ڕۆژی ئاڵای کوردستان لە ساڵوەگەڕی ٧٣ ساڵەی داگرتنی ئاڵای کوردستانە کە لە ١٧/١٢/١٩٤٦ دا ئاڵای کوردستان لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مهاباد داگیرا.
هەرچەندە پێشتر لە دامودەزگاکانی باشوری کوردستاندا ئاڵای کوردستان هەڵدەکرا، لە ڕۆژی ١١/١١/١٩٩٩ پەرلەمانی کوردستان یاسای ئاڵای کوردستانی پەسەند کردو لە ١٩ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٤ بە بڕیاری ژمارە ٤٨ ڕۆژی ١٧ی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی ئاڵای کوردستان دانا.
مانای چوار ڕەنگەکەی ئاڵای کوردستان:
سوور هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میلەتی کوردە لە پێناو مافەکانیاندا.
سپی هێمای ئاشتی و ئاسایشە کە میلەتی کورد بەردەوام ئاشتی خواز بووە.
سەوز لە سروشتی کوردستانەوە هاتووەو هێمای ژیانەوەیە.
زەرد مەبەست لە ڕۆژە بیست و یەک تیشکەکەیە کە ڕێکەوتی ٢١ی ئازار دەگەیەنێت کە سەرەتای ساڵی کوردی یە و بە مانای ئاگر- ڕووناکی-درەوشانەوە و ووریایی دێت.