ئاگاداری بۆ سەرجەم پەروەردەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٠/٢/٢٢ کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی شەهید سەعد عبدللە لە شاری هەولێر بەسەرپەرشتی بەڕیز وەزیری ناوخۆو ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیرانی پەروەردە، دارایی، تەندروستی، گواستنەوە وگەیاندن ، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و ووتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێزان پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە ی شەهید و سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرانی گشتی دیوانی وەزارەتەکانی ئاماژە بۆ دراوو بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاکانی وەزارەتەکانی ئاماژە پێکراو و بەڕێوەبەرانی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و هەولێرو بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و بەڕێوەبەری مەرزی باشماخ و حاجی هۆمەران و پەروێزخان ، کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام درا سەبارەت بە خۆپاراستن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە تا ئێستا ئەم نەخۆشییە لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە بەهۆی ڕۆشنبیری هاونیشتمانیان و ئەو ڕێنمایی و ڕێکارانەی گیراونەتە بەر لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە. هێندەی پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانەوە هەیە داواکارم سەرجەم بەڕێوەبەرانی پەروەردەو ناوەندەکانی خوێندن پابەند بن بەم خاڵانەی خوارەوە لە پێناو پاراستنی گیانی گشت قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران.
یەکەم/ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بە تەواوەتی جێ بەجێ بکرێت.
دووەم/وانەی یەکەم ڕێنمایی بدرێت بە قوتابیان و خوێندکاران .
سێهەم/هەموو چالاکیەک کە دەبێتە هۆی دروست بوونی قەرەباڵغی ڕابگیرێت لە فێستیڤاڵ،ئاهەنگ،کۆڕو سمینارو پێشانگە.
چوارەم/لەگەڵ بنکەی تەندروستی گەڕەکەکان و بەڕێوەبەرێتی تەندروستی قوتابخانەکان هەماهەنگی تەواو بکەن بۆ خۆ پارێزی لەم نە خۆشیە.
پێنجەم/گرنگە پاک و خاوێنی ،بوونی ئاو ، پاکەرەوە دابین بکرێت.
شەشەم/لیژنەی فرۆشگا چالاک تر بەردەوام سەردانی فرۆشگا بکات بۆ دڵنیابوون لە جێ بەجێ کردنی مەرجە تەندروستیەکان.
حەوتەم/هەرقوتابی و خوێندکارێک ئەنفلوەنزا یان تای هەبوو کارئاسانی بۆ بکەن بۆ پشکنین و چارەسەر.
هیوادارم هەمووان دووربیین لەم نەخۆشییە و لەش ساغبن.
لە گەڵ ڕێزدا

دڵشاد عمر محمد کریم /بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی