پەیامێک لەوەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

پەیامێک لەوەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە:
تێبینی : دەزگاکانی ڕاگەیاندن ، بەهەموو جۆرەکانیەوە دەبێت بەیەک پاکێج مامەڵە لەگەڵ ئەم بڵاوکراوەیە بکەن و ناوەڕۆکەکەی پچڕ پچڕ نەکەن ، بە پێچەوانەوە مافی بڵاوکردنەوەیان نییە.
مامۆستایانی بەڕێز ، قوتابیان و خوێندکارانی ئازیز ، خانەوادە بەڕێزەکانیان ، ئەم کاتەتان باش :
پاش ئەوەی لەچوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزیی لەڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو سەلامەتیتان بڕیاری پشووی ناوەندەکانی خوێندنی سەربەوەزارەتی پەروەردەی دا ، بە پێویستی دەزانین لەڕێگای ئەم پەیامەوە جەخت بکەینەوە لە :
۱ـ ئەنجومەنی وەزیران ،بەسەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی رێزدار قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران پاش تاوتوێکردنی پلانەکانی وەزارەتمان بریار دراوە کە قوتابیان دڵنیابن لەوەی ساڵی خوێندنیان نافەوتێت .
۲ـ ئەگەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگا بدات، هەمووهەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە لە ۲ ی٥ ناوەندەکانی خوێندن بکەینەوە بۆ ئەم مەبەستەش لەوحاڵەتەدا پلان وخشتەکانمان بەم جۆرە دەبێت :
ـ لە ۱۲ ی ٥ ی ۲۰۲۰ تا ۲۱ ی ٥ ی ۲۰۲۰ ، تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلی ۱۲ ی ئامادەیی، بەهەموو بەشەکانیەوە، ئەنجام دەدرێت .
ـ تەنها بۆ ئەم ساڵی خوێندن تاقیکردنەوەی نیشتیمانی قۆناغی ۹ ی بنەڕەتی ئەنجام نادرێت و لەگەڵ پۆلە ناکۆتاکان تاقیکردنەوە دەکەن. بەڵام بەگوێرەی ڕێنمایی و پێویستە بۆردی نمرەی قوتابیان بگەڕێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی ئەزموونەکانی وەزارەت.
ـ تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان ، بە قۆناغی ۹ ی بنەڕەتیشەوە ، هەروەها پەیمانگاکان و خوێندنی ئیسلامی ، لە ۱ ی ٦ ی ۲۰۲۰ دەستپێدەکات تا ۱۰ ی ٦ی ۲۰۲۰ .
ـ تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی ئەزموونە گشتیەکان( وەزاری ) بۆ قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانییەوە ، لە ۲٨ ی ٦ی ۲۰۲۰ تا ۲۳ ی ۷ ی ۲۰۲۰ئەنجام دەدرێت ، بەشێوازێک کە لە هەفتەیەکدا تەنها دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت .
ـ تاقیکردنەوەی خولی دووەمی قۆناغی ۱۲ ی ئامادەیی ، بەهەموو بەشەکانیەوە لە ۱٦ ی ٨ ی ۲۰۲۰ تا ۲٤ ی ٨ ی ۲۰۲۰ ئەنجام دەدرێت.
۳ـ بۆ هەموو قۆناغەکان تاقیکردنەوەکان تەنها لەو بابەتانە ئەنجام دەدرێت کە خوێندراون یان دەخوێندرێن لەناو قوتابخانە ، واتە هیچ بابەتێک بۆ تاقیکردنەوە داخڵ نابێت ئەگەر قوتابیان نەیانخوێندبێت.
٤ـ وەزارەتی پەروەردە ، پاش رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران ، خوێندنی ئەلیکترۆنی وەک پاڵپشتیکار و هاوکار و نا ئیلزامی لە ناوەڕاستی مانگی چوار بۆ قوتابیان فەراهەم دەکات بۆ ئەوەی دانەبڕێن لە خوێندن ، هەموو قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومیەکان دەتوانن بە سستمی ئەلیکترۆنی یان ئۆنلاین ی تایبەت بەخۆیان ، بەهەمان شێوەی قوتابخانە حکومیەکان ئەو جۆرە لە خوێندن فەراهەم بکەن ، وە هەر قوتابخانەیەکی ناحکومی کە بە سستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنێت ، بە کوردی ، ئینگلیزی ، عەرەبی ، دەتوانێت سوود لە پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەزارەت وەربگرێت .
٥ـ مامۆستایانی وانەبێژیی قوتابخانەحکومیەکان کەبەهۆی پشووی خۆپارێزیی ناوەندەکانی خوێندن لە وانە وتنەوە دابڕاون ، لەبەرچاو دەگیرێن و شایستە داراییەکانیان بەردەوام دەبێت.
٦ـ پویستە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی ، لەم دۆخەدا پابەندبن بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ مامۆستایانیان و شایستە داراییەکانیان وەک لە گرێبەستەکانیان هاتووە بۆیان خەرج بکەن.
۷ـ ئەو پلان و خشتەیەی کە ئاماژەی پێدراوە لەخاڵی ۲ ی ئەم بڵاوکراوەیە ، بۆ حاڵەتێکە ئەگەر توانرا لە و کاتەدا دەوامی ناوەندەکانی خوێندن بکرێتەوە ، بۆ هەر ئەگەرێکی دیکە ، وەزارەتی پەروەردە پلانی ئامادەکراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستۆتە روو ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردەر دەبێت لەو بارەیەوە.
ئالان حمە سعید
وەزیری پەروەردە