شاعیرو ئەدیبێكی ناوداری كوردستانەو لەرشتە جیا جیاكانی ئەدەبو هونەرو پەروەردە خزمەتێكی زۆرو زەوەندی بەگەلو نیشتمانەكەی كردووە.
عەلی عەبدوڵڵا سۆفی محەمەد ناوی تەواوی ئەو كەسایەتییە مەزنەیەو بە( ع.ع. شەونم) ناسراوە.
ساڵی 1925 لەگەڕەكی پاشای شاری هەڵەبجە لەدایك بووە.
سەرەتا لەشارەكەی خۆی خراوەتە حوجرەو دەرسە ئاینییەكانی خوێندووە، دواتر قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتاییو خانەی مامۆستایانی لە سلێمانیو بەغدا خوێندووە.
ساڵی 1945 لەكۆتایی جەنگی دووەمی گێتی، خانەی مامۆستایانی دێهاتی لەبەغدا تەواو كردووە، هەر لەو ساڵەدا بووە بەمامۆستا، لە هەورامانو هەڵەبجەو شارباژێرو سلێمانی وانەی بەخوێندكارانی كورد وتوەو بەگیانی نیشتمانپەروەری گۆشو پەروەردەی كردووە. لەبەر ھەڵوێستە سیاسییەکانی تووشی دوورخستنەوەو راونانو گرتن بۆتەوە، بەندینخانەكانی سلێمانیو كەركووكو شارەكانی دیكەی عیراق، شاهیدی ئازایەتیی قارەمانێتی ئەو خەباتگێڕو رووناكبیرەن.
ئەدەبو هونەر مەیدانی سەرەكی تێكۆشانی كولتووری ئەون بوون، هەر لەتافی لاوییەوە خولیای شیعر بووە، ساڵی 1943 یەكەم شیعری خۆی بەناوی ( ئەی دڵ بەھارە) لە گۆڤاری گەلاوێژ بڵاو كردۆتەوە، لەبواری شیعری نیشتمانیو نەتەوەییدا شوێن پەنجەی دیارەو خاوەنی چەندین شیعری بەزرە، كە بونەتە سروودی نیشتمانیو رۆڵی دیارییان لەجۆشدانی گیانی خەباتو بەرخوداندا هەبووە، سروودی جەژنی نەورۆز یەكێكە لەشاكارە مەزنەكانیو تائێستاش بەبەرزیو زیندوویی ماوەتەوە.
مامۆستا شەونم بایەخی زۆری بەئەدەبی منداڵان داوەو شیعرو چیرۆكو ئۆپەرێتی بۆ نووسیون، خاوەنی چەندین كتێبی ناوازەیە لەو بوارەدا.
خاوەنی چەندین كتێبی دیكەیەی ئەدەبی چاپكراوەو چەند دەستنووسێكیشی بەیادگاری لەدوا بەجێماوەو هێشتا چاپنەكراون.
مامۆستا شەونم ماوەیەكی زۆر بەرپرسی چالاكی قوتابخانەكان بووە لەسلێمانی، لەو رێیەوە خزمەتێكی زۆری بە جووڵانەوەی رۆشنبیریو هونەری كردووە.
مامۆستا شەونم ئەندامی دانانی پرۆگرامەكانی خوێندنی قۆناغی سەرەتایی بووە، شوێن پەنجەی بەدانانو وەرگێڕانی ئەو پڕۆگرامانەوە دیار بووەو بەكوردییەكی شیرینو پاراو دایڕشتوون.
مامۆستا شەونم كەسێكی فرە بەهرە بووە، لەبوارەكانی دیكەی وەك، هونەرەكانی شانۆو موزیكو گۆرانیو نیگاركێشانو خۆشنووسیو فۆلكلۆرو مێژوو خزمەتی زۆری كردووەو شوێن پەنجەی رەنگینی دیارە.
پاش خزمەتێكی زۆر بەكایەكانی ئەدەبو هونەر، بەرەبەیانی رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی 2020 بۆ دواجار چاوەكانی لێكناو بەڤایرۆسی نەگریسی کۆرۆنا کۆچی دوایی کردو لەگۆڕستانی گوڵانی شاری ھەڵەبجە بەخاک سپێردراو چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە.
دروودی رێزو وەفاو ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی مامۆستا شەونم، ئەو پیاوەی لەهەڵەبجەوە وەك خۆر هەڵهاتو هەموو كوردستانی گەورەی رۆشن كردەوە.