بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەزووری کرد

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/١/٢٥ بەرێز دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە یاوەری تیمی ئەندازیاری لە بەڕێوەبەرێتی بیناسازی سەردانی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەزووریان کرد، لە لایەن بەڕێزان ڕزگار غفور رحیم قائیمقامی شارەزوورو محمود حمە امین بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور بە وەکالەت و سەرپەرشتیاری یەکەمی بنەڕەتی پەروەردەی شارەزوورەوە پێشوازیان لێکرا. پاشان بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی شارەزووریان بەسەرکردەوە بەمەبەستی نۆژەن کردنەوەی بیناکەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییەدا سوتێنرا. وە بڕیاردرا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە تیمی ئەندازیاران لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەو پەروەردەی شارەزوور بۆ نۆژەنکردنەوەی بیناکە کە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
دواتر بەڕێوەبەری گشتی سەردانی ئامادەیی نیشتمانی کچانی کرد و قۆناغی ١٢ی ئامادەیی بەسەرکردەوە کە پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لە ٢٠٢١/١/١٦ دەستی پێکردەوە، وە هیوای سەرکەوتنی بۆ مامۆستایان و خوێندکاران خواست.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بەڕێوەبەری گشتی لەگەڵ بەڕێوەبەری چەند قوتابخانەیەکی ئامادەیی کۆبووەوە کە ناڕازی بوون لە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان، دوای گفتوگۆکردن و ڕوون کردنەوە بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانە ئامادەییەکانی سنووری پەروەردەی شارەزوور بەڕێوەبەرانی قوتابخانە ئامادەییەکان بڕیاریاندا دەرگای قوتابخانەکان بکەنەوەو خوێندکارانی قۆناغی ١٢ دەست بە وانە خوێندن بکەن، بەڕێوەبەری گشتی سوپاسی بەڕێوەبەرو مامۆستایانی کرد کە ئەمە ئەرکێکی نیشتمانییەو دەبێت هەموومان بەرپرسیار بین بەرامبەر ئەو بارودۆخەی کە ڕووی کردۆتە ووڵاتەکەمان. بەڕێوەبەری گشتی بەڵێنی دا کە پشتگیری ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان دەکات و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.