پێشانگای پرۆژەی بچوکی قوتابیان تایبەت بە خوێندکارانی ئامادەییە پیشەییەکان

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢١/٥/٢٥ مامۆستا دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی PAO، سەردانی پێشانگای پرۆژەی بچوکی قوتابیانی کرد لە ئامادەیی پیشەسازی سلێمانی کچان.

ئەم پێشانگایە لەلایەن ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللی بە هاوکاری ڕێکخراوی پەرەپێدانی کاری نەرویجی و وەزارەتی پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی فێرکردنی ئامادەیی و پیشەیی ڕێکخرابوو کە چەندین خوێندنگەی پیشەیی تیایدا بەشدار بوون.

ئامانج لەم پێشانگایە ئەوەیە کە خوێندکاران بتوانن توانا پیشەییەکانیان پشانبدەن و پڕۆژەو بیرۆکەکانیانی تیادا نمایش بکەن، وە ڕەخساندنی هەلی کارە تا هانی خوێندکاران بدرێت بۆ ئەوەی لە و ڕێگەیەوە بژێوی ژیانیان دابین بکەن. هەروەها لە لایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە هەڵسەنگاندن کرا بۆ پڕۆژەکان و خەڵاتی یەکەم و دووەم و سێهەم دابەش کرا بەسەر خوێندکارە سەرکەوتووەکاندا.

بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی دەستخۆشی لە ڕێکخراوی ناوبراوو مامۆستایان کردو هیوای سەرکەوتنی بۆ خوێندکاران خواست.