ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

وەک هەموو لایەک ئاگادارن بەهۆی پشووی وەرزی یەکەمی خوێندن و دۆخی کەشوهەوا ماوەیەک ناوەندەکانی خوێندن بە داخراوەیی مابونەوە ، لە ئێستاشدا ئامارەکانی توشبوان بە ڤایرۆسی(کۆرۆنا و ئۆمیکرۆن) لە بەرزیدایە ، بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە و فێرکاری بە باشی بەرێوەبچێت لەوبارەیەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە :

١- بۆ سەلامەتیی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، خۆپارێزیی و بەستنی ماسک بەتەواوی ئیلزامییە، هەرناوەندێکی خوێندن پابەند نەبوونی تێدابێت پێویستە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزا رێکاری کارگێریی پێویست بگریتەبەر .

٢- داوا لە بەخێوکارانی قوتابیان و خوێندکاران دەکەین کە وەرگرتنی ڤاکسین بۆ قوتابیان و خوێندکارانی تەمەن (١٢ ساڵ) بەرەو سەرەوە منداڵەکەتان پارێزراوتر دەکات ، وەزارەتی پەروەردە هانتان دەدات و کار ئاسانیتان بۆ دەکات بەمەبەستی وەرگرتنی ڤاکسین بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان .

٣- بەخێوکاری قوتابیان و خوێندکاران دەتوانن فۆرمی بەڵێننامەی بەخێوکار بۆ وەرزی دووەم پربکەنەوە کەدەستەبەری خوێندنی ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی یان پاڵپشتی ماڵەوەیان بۆ قوتابییەکە دەکەن و ئەم مافە رێگەپێدراو دەبێت بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی ئاماژەپێکراو تا بەرواری ١٠ی ٢ی ٢٠٢٢.

وەزارەتی پەروەردە ٣١ی ١ی ٢٠٢٢