وەزیری پەروەردە سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٢/١٠/٢٢ بەڕێز د.ئالان حمە سعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێزان ئەحمەد علی پارێزگاری سلێمانی بە وەکالەت و ئیسماعیل ئەحمەد قائیمقامی بازیان و مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا عمر محمد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاواو سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و چەند کەسایەتییەک لە قەزای بازیان خوێندنگەکانی ئامادەیی (ڕۆشن)ی تێکەڵاوو (ڕابەر)ی بنەڕەتی لە ڕێوڕەسمێکدا کرایەوە، کە یەکێکە لە ناوەندە پەروەردەییە نوێیەکانی قەزاکەو بەشێوەیەکی شایستە بۆ قوتابیان و خوێندکارانی دەڤەرەکە بنیاتنراوە کە لە لایەن چەند کۆمپانیایەکەوە دروست کراوە.

بەڕێز وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سوپاس و پێزانینیان بۆ ئەو بەڕێز و خەمخۆرانە هەبوو کە لەم خوێندنگەیەدا کاریان کردووەو پێشکەشی نەوەی ئێستاو داهاتووی کوردستانیان کردووە، وە زۆر سوپاسی ئەو کۆمپانیایانەیان کرد کە هەستاون بە دروست کردنی ئەم قوتابخانەیە وەک پاڵپشتی لە پرۆسەی پەروەردە. دواتر بەڕێز وەزیری پەروەردە لەگەڵ یاوەرانی لە شاری سلێمانی بەردی بناغەی قوتابخانەو باخچەی منداڵانی لەناو کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی زانکۆ دانرا کە لەلایەن بەڕێز شێخ علی شێخ عیزەدین خاوەنی کۆمپانیای باڵامبۆ وە دروست دەکرێت، وەزیری پەروەردە زۆر سوپاسی بەڕێزیانی کرد هیوای خواست نموونەیان زۆر بێت.

دواتر لە کانی ستی لە شاری سلێمانی پرۆژەی قوتابخانەیەکی بەسەرکردەوە کە لە قۆناغی تەواوبووندایەو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەم قوتابخانەیەش دەکرێتەوە بۆ خزمەتکردنی منداڵانی پرۆژەی کانی ستی و دەورەبەری.