یادی ٢٣٨ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی

ئیبراھیم پاشای بابان لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٧٨٤ سلێمانیی دامەزراند، کاتێک پایتەختی میرنشینەکەی لە ئەردەڵانەوە گواستەوە بۆ سلێمانی.

شاری سلێمانی لە ١٤ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ لەلایەن ئیبراھیم پاشای بابانەوە ئاوەدانکراوەتەوە، ئیبراھیم پاشا بابان شارەکەی بە ناوی باوکییەوە سلێمان پاشا ناوناوە ،سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەھەمان کاتدا دەبێتە مەڵبەندێکی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەکە و شێوەزاری سۆرانی لە ناوچەکەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لە ساڵی ١٨٥١ و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیھانیی یەکەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر کۆماری عێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی ١٩٢٢ تا ١٩٢٤ شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە. شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی ڕۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا.

دەمانەویت لە یادی ٢٣٨ ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی بەشیك لە مێژووی پەروەردە باس بكەیەن……

مێژووی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن لە سلێمانی

دوای گواستنەوەی ئەمارەتی بابان لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانی ، زانایانی ئاینی هاتوونەتە سلێمانی و بناغەی خوێندەواری لە مزگەوتەكانەوە دانرا. سەرەتای پرۆسەی خوێندن لە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی كە چەند قوتابخانەیەك هەبوون و خوێندن تیایاندا بە زمانی توركی بووە، هەروەها پێكهاتەكانیش بە جیا قوتابخانەیان كردۆتەوە، وەك قوتابخانەی سەرەتایی كوڕان و قوتابخانەی كلدانی سەرەتایی و قوتابخانەی جولەكەی سەرەتایی. لە ساڵی١٨٩١ قوتابخانەی روشدییەی عەسكەری كراوەتەوە تا ساڵی ١٩٠٧ی زاینی. دواتر بینای قوتابخانەی فەیسەڵیە لە ساڵی ١٩١٠ بە كۆمەك دروستكراو كراوە بە قوتابخانەی موڵكی ماوەتەوە تا ئەو كاتەی ئینگلیزەكان سلێمانییان داگیركردوەو قوتابخانەكەی كردووە بە فەرمانگەی سیاسی و حاكمی ئینگلیز و تێیدا دانیشتوە، پاشان سەرای سلێمانی دروستكراوەو كراوەتەوە بە قوتابخانە و بەشی سەرەتایی و ناوەندی تێیدا بووە، بەو جۆرە ماوەتەوە تا بینای ناوەندی دروستكرا، لەوەودوا بە قوتابخانەی سەرەتای ماوەتەوە. لە كاتی دەسەڵاتداری ئینگلیز قوتابخانەی نمونەی سەعادەت كراوەتەوە كەلە ساڵی ( ١٩١٩ بۆ ١٩٢١) بەردەوام بووە، تا پۆلی دووی ناوەندی بووە ، هەروەها قوتابخانەیەكی تر لە گەڕەكی دەرگەزێن كراوەتەوە بەناوی مەكتەبی ئەوەلی و ناوەكەی بووە بە نمونەی عیرفان. لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمر لە ١٩٢٢/٩/٣٠ تا ١٩٢٥/٣/٧ چەند قوتابخانەیەكی تر كراوەتەوە لەوانە قوتابخانەی ناوەندی مەحمود، قوتابخانەی سەرەتایی قادر، قوتابخانەی سەرەتایی رەئوفیە، قوتابخانەی سەرەتایی لەتیفییە.

لە سەردەمی حكومەتی عێراقیش لە ساڵی ١٩٢٥تا ١٩٣٠پچڕپچڕ ئەو قوتابخانانە بە دەست شێخ مەحمود و حكومەتی عێراق و ئینگلیزەوە بوون، لە ساڵی ١٩٣٠ حكومەتی عێراق بە تەواوەتی دەستی گرت بەسەر قوتابخانەكاندا و دوو قوتابخانەی رەسمی دامەزرا، بەناوەكانی قوتابخانەی سەرەتایی یەكەم و قوتابخانەی سەرەتایی دووەم. قوتابخانەی سەرەتایی یەكەم لە ١٩٣٣/١٠/١ تا ساڵی ١٩٣٦ مایەوەو لە ساڵی ١٩٣٦ ناوەكەی گۆڕدرا بۆ قوتابخانەی فەیسەڵیەی كوڕان. قوتابخانەی ئەوەلیەی ( دووەم) لە ساڵی ١٩٣٤ ز ناوەكەی گۆڕاوە بە قوتابخانەی ئەیوبیە كە تا ئێستا بەهەمان ناو بەردەوامە. هەروەها قوتابخانەی ( زانستی شەو) لە ساڵی ١٩٢٦ دامەزراوە. دوای شۆڕشی گەلاوێژی ١٩٥٨ ناوی قوتابخانەی فەیسەڵیە گۆڕدرا بە ( العزە) پاش ماوەیەك بوو بە سەركەوتن و سلێمانی و راهێنگای فێركارانی سەرەتایی ( تطبیقات دار المعلمین) تا ساڵی ١٩٧٠ناوەكەی كرا بە پێشكەوتن و تا ئێستا هەمان ناوی هەیە. دوو مامۆستای گەورە كە هەمیشە لە پێشەنگی خزمەتكردنی پرۆسەی خوێندن بوون لە سلێمانی ئەوانیش ( مامۆستا رەشید زەكی كابان و مامۆستا زێوەر). لە سەردەمی عوسمانی و ئینگلیز و شێخ مەحمود دانەبڕاون لە فێركردن و خزمەتكردنی منداڵانی كورد. مێژووی كتێبی پرۆگرامەكانی خوێندن لە باشوری كوردستان سەرەتای نوسینی ئەدەبی كوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بابانەكان، زانایانی ئاینی و شاعیران لە سلێمانی زمانی كوردی دیالێكتی موكریانیان لە بری عەرەبی و توركی و فارسی بەكارهێناوە، یەكەم كتێب كە بە سەرچاوەی فەرهەنگی زمانی كوردی دادەنرێت فەرهەنگی (ئەحمەدی)یە لە نوسینی (شێخ مارفی نۆدێ‌) كە بۆ فێربوون و مانای وشەو بەراوردكاری نێوان زمانی كوردی و عەرەبی دانراوەو لە حوجرەكان خوێنراوە. یەكەم كتێب لەبارەی زمانی كوردییەوە لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٨٩٢ لەلایەن (یوسف زیائەدین) چاپكراوە بەناوی ( الهدیە الحمیدیە فی اللغە الكردیە). لە سلێمانی تاكو پێش جەنگی یەكەمی جیهانی بەهۆی كاریگەری دەوڵەتانی فارس و عوسمان و زاڵبوونی ئاینی ئیسلام، نوسین و خوێندن بە زمانی عەرەبی و توركی و فارسی بووە و زمانی كوردی بەكارنەهێنراوە، یەكەم هەوڵ بۆ دارشتنی نوسینی ئەلفبێی كوردی لەلایەن مامۆستا (خەلیل خەیاڵ) بووە لە ساڵی ١٩٠٩ ئەمەش بە كۆنترین ئەلفبێ‌ دادەنرێت. لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی، یەكەمین كتێبی قوتابخانە بەناونیشانی ( أولمین قرأتی كوردی) بۆ قوتابیانی پۆلی یەكەمی سەرەتایی دانراوە لە ساڵی ١٩٢٠ لەلایەن چەند كەسایەتییەكی وەك ( رەشید نەجیب، عەبدلقادر قەزاز، رەفیق حیلمی، نوری). پاشان مامۆستا (ئەحمەد عەزیز ئاغا) توانیویەتی كتێبی ئەلفبێ‌ بۆ پۆلی یەكەمی سەرەتایی دابنێت لە ساڵانی ١٩٢٦ بۆ١٩٢٧ بەناونیشانی ئەلفبای كوردی . لە هەوڵێكی تردا مامۆستا (سەعید سدقی كابان) لە ساڵی ١٩٢٨ كتێبێكی بۆ بەرنامەی خوێندن داناوە بەناونیشانی ( مختصر صرف نحوی كوردی) لەسەر بڕیاری وەزارەتی مەعاریف چاپكراوە بۆ پۆلی چوارەمی سەرەتایی. هەروەها مامۆستا (حامید فەرەج) لە دوای ساڵانی ١٩٣١- ١٩٣٢ كتێبی ئەلف و بێ ی كوردی داناوەو لەلایەن وەزارەتی مەعاریفەوە پەسەندكراوەو لە ساڵی ١٩٣٦ لە بەغداد چاپكراوە. بیرۆكەی مامۆستا (ئیبراهیم ئەمین باڵدار) لە ساڵی ١٩٤٠بەدواوە هاتۆتە كایەوە توانیویەتی بیروئەندێشەی بكاتە كتێب بەناوی ( ئەلف و بێ ی نوێ‌)، لە ساڵی ١٩٤٩ لەلایەن وەزارەتی پەروەردە بڕیار لەسەر چاپكردنی دراوە، زۆربەی ئەو شێوە پیتە نوێیانەی كەلە كتێبەكەیدا بەكاریهێناوە لە چاپخانەكانی ئەو سەردەمەدا نەبووەو بەدەست و خەت نوسراوەتەوەو وێنەكانیش وەك كڵێشە چاپكراون. یەكەم قوتابخانەی كچان لە سلێمانی لە پرۆسەی پەروەردەو فێركردن فەرامۆش نەكراون و لەگەڵ دامەزراندنی یەكەم حكومەت لەلایەن شێخ مەحمودی نەمر لە ١٩٢٢/١٠/١٠ مستەفا پاشای یاموڵكی وەزیری پەروەردە لە حكومەتەكەدا، لە ٢١ی نیسانی ١٩٢٦ یەكەم قوتابخانەی كچانی بەناوی ( زەهرا) لە سلێمانی كردەوە. لە ساڵی ١٩٢٦ بۆ ١٩٢٩ زەهرا زەرینتاج كچی مستەفا پاشای یاموڵكی و گوزیدە یاموڵكی بووكی بەڕێوەبەری قوتابخانەكە بوون ، لەو سەردەمەدا قوتابخانەكە تەنها ئەركی پەروەردەو فێركردنی كچان نەبووە، بەڵكو خزمەتێكی زۆری بە هونەر كردووەو لە ٢٠ تا ٢٧ی ئاداری ١٩٣٠ دوو شانۆگەری بەناوی ( دایك – ئینسان ئەوەی ئەیچێنێ‌ ئەوە دەدورێتەوە) پێشكەش كردووە. یەكەم مامۆستای ژن لە سلێمانی روناكبیرانی بیستەكانی سەدەی رابردوو، پشتیوانێكی بەهێزی خوێندن‌و پەروەردە بوون‌و جگە لەكوڕان، هانی كچانیشیان بۆ خوێندن داوە.لەوكاتەی كە ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ موتەسەریفی سلێمانی بوو، ئامادەیی دەربڕیوە كە قوتابخانەیەك بۆ كچان بكەنەوە. لەو كاتەدا تەنها (گوزیدە خانی خێزانی عەبدولعەزیز یاموڵكی) یان شك بردووە كە وەك مامۆستا سوودی لێوەربگرن. هەربۆیەش (شێخ نوری شێخ ساڵح)ی شاعیر روو لە (فاطمە محێدین) ئەنێت كە بچێتە ئەو قوتابخانەیە‌و وەك مامۆستا خزمەت بە خوێندكارانی كچانی شارەكەی بكات، ئەویش داواكەی پەسەند دەكات و بۆ ماوەی(۳٠) ساڵ بەرێوەبەر بووە یەكەم بەڕێوەبەری ژن : لە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانیدا لە١٧ی كانوونی یەكەمی ١٩١٥ دەرگای قوتابخانەی كچانی سلێمانی كرایەوە‌و مامۆستا مەلیحە نەزهەت وەك یەكەم بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە دەستبەكار بووە. لە قوتابخانەیەدا منداڵانی كچی رۆشنبیران‌و دەوڵەمەندەكان دەیانخوێند وەك مامۆستا مەلیحە نەزهەت باسی كردووە وانەكانی( مێژوو، حساب، ئەندازە،رەوشت، موساحەبات،نیگار) لەو قوتابخانەیەدا خوێندراون. یەكەی سەرپەرشتیاری لە ١٩٢٥ بۆ ١٩٤٩ لەگەڵ كردنەوەی یەكەم قوتابخانە لە سلێمانی ، گرنگی بە چاودێری قوتابخانەكان دراوەو بەدواداچوون بۆ ئاستی مامۆستایان و پاك و خاوێنی و كەموكوڕییەكانی قوتابخانەكان كراوە، لەدوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی پرۆسەی خوێندن لە كوردستاندا لەلایەن دەوڵەتی نوێی عێراقەوە لە كەركوكەوە سەرپەرشتی دەكرا لەلایەن ( دائرە معارف منطقە كركوك) كە هەرسێ‌ لیواكانی ( كەركوك و سلێمانی و هەولێر) بوون ، لەوێشەوە سەرپەرشتیار ( مفتیش) هاتوون بۆ بەسەركردنەوەی قوتابخانەكان؟ بە پێی بەڵگەنامە مێژووییەكان لە ساڵی ١٩٢٥ بۆ ١٩٤٩یەكەی ( المفتیشین) كە لە ئێستادا پێی دەوترێت یەكەی سەرپەرشتیاران سەردانی قوتابخانەكانیان كردووەو سەرنج و تێبینبیەكانی خۆیان بەرزكردۆتەوە. هەر یەكە لە ( مستەفا مەزهەر، رەفیق حلمی، فوئاد رەشید) سێ‌ لەو سەرپەرشتیارانەن كەلە سلێمانی سەردانی قوتابخانەكانیان كردووە و سەرنج و تێبینی خۆیان لەسەر شێوازی وتنەوەی وانەكان و ئاستی مامۆستایان و گونجاوی و پاك و خاوێنی قوتابخانەكان نوسیوەو چارەسەریشیان بۆ كەموكوڕییەكان داناوە.

ئامادەكردنی:

رێبوار حەمەوەیس/ فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرێتی مۆزەخانەی پەروەردەیی سلێمانی

شێرزاد یونس/ فەرمانبەر لە راگەیاندن و پەیوەندییەكان ب.گ.پ.سلێمانی