یادی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت ساڵانە لە سەرتاسەری جیهاندا یادی ئەم ڕۆژە بە سەدان چالاکی جۆراوجۆر لە ٣ی ١٢ی هەموو ساڵێک دەکرێتەوە، بەم بۆنەیەوە لە ژمارەیەک قوتابخانە ئەو یادە پیرۆز ڕاگیرا کە تایبەتە بە پەروەردەی تایبەت

ئەمڕۆ شەممە ٢٠٢٢/١٢/٣ بە بەشداری مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاواو بەرپرسانی پەروەردە لە قوتابخانەی (چیا)ی بنەڕەتی بەم بۆنەیەوە ئاهەنگێکیان بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێکخستبوو کە چەند چالاکییەکی هونەری وگۆرانی پێشکەشکرا، هەر بەم بۆنەیەوە ژوورێک کرایەوە لە هەمان قوتابخانە کە تایبەت دەبێت بەم منداڵانە بۆ پەروەردەکردنیان لە ناو قوتابخانەدا، وە ڕێزلێنان بەخشرایە ئەو کۆمپانیاو ڕێکخراوانەی کە هاوکاری ئەم توێژە دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتی دەستخۆشی و سوپاسی مامۆستاو بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی کرد کە بە پەرۆشەوە خزمەت دەکەن بەم منداڵانە لە بواری پەروەردەداو ئەرکی سەرشانی ئێمەیە کە بتوانین ژینگەیەکی باش و شوێنی گونجاویان بۆ دابین بکەین لەناو قوتابخانەکاندا.

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بەڕێوەبەری گشتی لە قوتابخانەی (بەهیە معروف) ی بنەڕەتی بەشداری کۆبونەوەی دایبابی کرد و چەند ڕێنماییەکی بۆ خستنەڕوو کە تایبەت بوو بە خۆئامادەکردن بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرزی یەکەم.

دواتر ژمارەیەک قوتابخانەی بەسەرکردەوە کە پەروەردەی تایبەتیان هەیە وە ژووری تاقیگەو کتێبخانەو ژوورەکانی خوێندن و فرۆشگای قوتابخانەکانی بەسەر کردەوە تاکو لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشی خوێندن بێت.

هاوکات لە ٣ی ١٢ی هەموو ساڵێک بە مەبەستی پشتگیری کردن و دابینکردنی مافەکانی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٢ ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەت دیاری کردووە.