ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٣/٢/٢٨ مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی پەروەردەی چەمچەماڵی کردو لەلایەن بەڕێز ڕەمەک ڕەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ و مامۆستا عبداللە حەمە کاکە ڕەش بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵەوە پێشوازی لێکرا.
سەرەتا لە هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی چەرموو خولی چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ خوێندکارانی بەسەر کردەوە کە بۆ ژمارەیەک توێژەری کۆمەڵایەتی لە خوێندنگەکانی سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ ڕێکخرابوو لە لایەن ڕێکخراوی ڕۆشنبیری خانزادەوە.
پاشان لە ناحیەی قادر کەرەم بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بەشداری لە دووەمین فێستیڤاڵی چادرگەی دیدەوانی قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی قادرکەرەمی تێکەڵاو کرد کە تێیدا قائیمقامی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم ئامادەبوون، ئەم فێستیڤاڵە لە لایەن هێزی کۆماندۆی کوردستان سپۆنسەری کرابوو.
لەم فێستیڤاڵەدا چەندین چالاکی هونەری و کلتوری و زانستی نمایش کرا.
هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لەلایەن مامۆستا دڵشادەوە بەخشرایە کۆمپانیاکانی (لوتکەی شاوک، دەشتی کۆرمۆر، هەستیاری ڕێگا) و بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم، لە پای دڵسۆزی و هاوکاری و خزمەتکردنیان بە پرۆسەی پەروەردە لە سنوری ناحیەی قادرکەرەم.
بەڕێوەبەری گشتی سوپاس و دەست خۆشی لە بەڕێوەبەرو مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران کرد بە نمایش کردنی کارەکانیان و دەرخستنی تواناو بەهرەکانیان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.