کردنەوەی کتێبخانەی ئەلکترۆنی لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستا و خوێندکاری قوتابخانەی کاوەی بنەڕەتی کوڕان

رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٣/٤/١٣ مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی سەردانی قوتابخانەی کاوەی بنەڕەتی کوڕانی کرد بە مەبەستی کردنەوەی کتێبخانەی ئەلکترۆنی کە لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستاو خوێندکاری قوتابخانەکەوە دانرابوو، بەهۆی بەرەوپێشچوونی جیهان لە ڕووی تەکنەلۆجیاو بەکارهێنانی لە سەرجەم کایەکانی ژیاندا بیریان کردۆتەوە کە کتێبخانەیەکی ئەلکترۆنی دابنێن کە بە ملێۆنەها کتێب لە سەرجەم بوارەکان لە خۆ بگرێت و مرۆڤ بە کەمترین کات و کەمترین تێچوو بە ڕێگایەکی ئاسان بگات بە گشت سەرچاوەکان. بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی بە گرنگی ئەم کتێبخانە ئەلکترۆنیە داو سوپاسی بەڕێوەبەرو مامۆستاو خوێندکارانی قوتابخانەی کاوەی کردو دەستخۆشی لێکردن و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن.