رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٥/٢٢ بە ئامادەبونی بەڕێز مامۆستا دلشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا عومەر محمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و مامۆستا تریفە بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات و مامۆستا بەکر بەرێوەبەری چالاکی هونەری سلێمانی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی شاری سلێمانی و لێپرسراوی یەکەی چالاکی هونەری رۆژهەڵات و سەرپەرشتیاران، لەپرێس کۆنفرانسێکدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە کەمپەینی نۆژەنکردنەوەی بینای چالاکی قوتابخانەکانی راگەیاند کە ساڵانێکی زۆر شوێنی نمایشی چالاکیە هونەریەکانی شاری سلێمانی بووە و بۆ ئەو مەبەستە داوای لە سەرجەم ئەو کەسە دڵسۆز و خاوەن سەرمایانەی شاری سلێمانی کرد کە بەدەم کەمپینەکەوە بێن و هاوکاری پەروەردەبن بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم بینایە . پاشان هەریەک لە بەڕێزان هونەرمەندانی گەورەی کورد ( کاوە احمد میرزا و خالد سەرکار) و مامۆستا نیاز سەرۆکی سەندیکای هونەرمەندان پشتگیری کەمپینەکەیان کردوو هیوایان خواست ئەم شوێنەی کە رۆژانێک شوێنی چەندین چالاکی گرنگ و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین کەڵە هونەرمەندی گەلەکەمان بووە نۆژەن بکرێتەوەو وەک جاران ببێتەوە بە ناوەندی کاری هونەری .
(مێژووی چالاكی قوتابخانەكانی سلێمانی)
ساڵی 1958 كۆمەڵێك هونەرمەند فەرمانگەیەك دادەمەزرێنن بەناوی هۆیەكانی فێركردن و ڕونكردنەوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی.
ئەم هونەرمەندە بەڕێزانە لەوێ بوون (ئازاد شەوقی – بەڕێوەبەر) – یەك سەرپەرشتیاری هونەری هەبووە بەناوی (ئەنوەر توفی) لەگەڵ ئەم مامۆستا بەڕێزانە (جلال عزیز – سمكۆ عزیز – وليم یوحەنا – قادری كوردی)، ئەم هونەرمەندانە بیریان لەوە كردەوە كە چالاكی قوتابخانەكان دابمەزرێنن، بۆ ئەوكاتەی سلێمانی زۆر پێویست بوو چونكە خەڵكێكی ڕۆشنبیری تیادابوو و پەیمانگای هونەرە جوانەكان و كۆلێجی هونەرمان نەبوو. كەواتە لەساڵی 1962 (بەڕێوەبەرێتی چالاكی قوتابخانەكانی سلێمانی) دامەزراو لەگەڵا فەرمانگەی (هۆیەكانی ڕونكردنەوەو فێركردن ) یەكیان گرت و ناونرا بەڕێوەبەرێتی چالاكی قوتابخانەكانی سلێمانی دوو بەشی میوزیك و شێوەكاری هەبووە.
مامۆستا (ئازاد شەوقی) یەكەم بەڕێوەبەر بووە.
سەرۆكی بەشی شێوەكاری (قادر كوردی) بووە.
سەرۆكی بەشی میوزیك (وليم یوحەنا) بووە.
سەرۆكی بەشی شانۆ (سمكۆ عزیز) بووە، بەڵام ساڵی 1963 بەشی شانۆ كراوەتەوە.
ئەم فەرمانگەیە بینای تایبەتی بە خۆی نەبووە هەر بۆیە (12) شوێن گەڕاوە وەك :
1. یەكەم بینای ئەو فەرمانگەیە بینایەك بوو بەرامبەر یانەی فەرمانبەران لەگەڵ ( مەڵبەندی هۆیەكانی ڕوونكردنەوە) كە (مامۆستا ئازاد شەوقی) لێپرسراو بوو.
2. لەساڵی (1964) بیناكە گوێزرایەوە بۆ ( ماڵی ڕەئوف بەگ) لە گەڕەكی عەقاری بەرامبەر ( دار المعلمین) ی جاران كە دەكاتە باپیری دكتۆر بەرهەم ئەحمەد صالح.
3. لە ساڵی (1966) گوێزرایەوە بۆ پشت زانكۆی سلێمانی كۆلێجی بازرگانی ئێستا لە گەڕەكی ئیسكان.
4. لەدوای ئەوەی گوێزرایەوە بۆ شوێنی ( ڕێست هاوس) كە دوایی بوو بە شوێنی فیرقەی عەسكەری.
5. گوێزرایەوە بۆ دائیرەی مەعاریف ( بەرامبەر مزگەوتی گەورە).
6. دوایی چووە بینای (دار الطلبە) لە كۆتایی شەقامی (ابراهیم پاشا).
7-لە ساڵی ١٩٧٥ تا ١٩٨٢ چووە لایەکی بینای قوتابخانەی خالیدیە لە سەرکارێز و قوتابخانەکە جێ کرایەوە.
٨-لە ساڵی ١٩٨٢ چووە (قالاوە) بینای کۆمەڵەی هەرەوەزی جوتیاران.
٩-گوێزرایەوە بۆ شوێنی (مجلس شعب) لەسەر جادەی سالم.
١٠-گوێزرایەوە بۆ بینای وسائل تحلیمی.
١١-گوێزرایەوە بۆ بینای ئامادەیی شیرین کە جاران کاشمای کچان بوو.
١٢-لە ساڵی ٢٠١٠ گوێزرایەوە بۆ بینای ڕێکخراوە دیموکراتییەکان بەرامبەر سلێمانی پاڵاس لە شەقامی سالم تا ئێستا.
ساڵی ١٩٧٥ تا ساڵی ١٩٨٢ لە بەشێکی قوتابخانەی خالیدیەدا بوو.زۆربەی کۆڕاڵەکان و گۆرانی و شانۆکانی ئەو کاتەی سلێمانی لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان بووە لە سەرکارێز.
مامۆستا کاوەی ئەحمەد میرزا یاریدەدەری مامۆستا جلال عزیز بووە ئەم هونەر مەندانە ئەو کات لە چالاکی قوتابخانەکان بوون.
(طە خلیل- عثمان خال-شیرزاد شەوقی-غازی بامەڕنی -فرانسیس داود- خالد سەرکار – لالە عبدە – علی لطیف- بورهان مسرف- قادر مصطفی – سید محسن خطاط – نوری اسماعیل- ئەنوەر توفی – شەماڵی عەبە ڕەش)
وە دواتر ئەم هونەرمەندانەش چونەتە چالاکی قوتابخانەکان (عثمان چێوار – کمال سابر-اکرم سعید- حکمت هندی- اسماعیل خیاط-جیهاد دڵپاک – ئازادی حمە بچکۆل – علی عزیز – علی حسین -ست مەهێن – ناجیە تۆفیق – حمە فرج) و چەندین هونەرمەندی تر .
هەروەها پیاوێک کە هونەر مەند نەبووە بەڵام پەپولە ئاسا خزمەتێکی گەورەی بەم فەرمانگەیە کردووە ئەویش(مام قادر شێخە) وەک چایچی لە چایخانەی چالاکی قوتابخانەکان کاری کردووە کە زیاتر لە (٣٥)ساڵ بە میلاک خزمەتی کردووەو دواتریش وەک خۆبەخش (١٢)ساڵ بۆتە زێوانی چالاکی قوتابخانەکان واتە (٤٧) ساڵ خزمەتی کردووە کاتێک تەمەنی گەیشتە (٩٠)ساڵ لەسەر داوای خۆی وازی هێناوە لە ساڵی (٢٠٢٠) چۆتە ماڵەوەو بە هیوای تەمەنی درێژ بۆ هەموو ئەوانەی کە لە ژیاندا ماون و ڕۆحی کۆچکردووەکانیش شادو ئارام بێت.