ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی دەکرێت

بەمەبەستی ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکانی وەزاری قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی خولی یەکەم، ئەمڕۆ چوار شەممە ڕێکەوتی٢٠٢٣/٥/٣١ مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پەروەردەی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەری هۆلەکانی تاقیکردنەوەکان کۆبۆوە، لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە و ئامادەکاری و دابینکردنی پێداویستیەکان بۆ ڕۆژی تاقیکردنەوەکان.

هەروەها هەریەک لە مامۆستا عمر محمد امین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پەروەردەکانی سەیدصادق و دەربەندیخان و شارەزوور و خاتوو نەرمین حسێن بەڕێوەبەری سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی پارێزگای سلێمانی لە پەروەردەی شارباژێڕ و مامۆستا حسێن قادر ئەندامی لیژنەی باڵای ئەزمونەکان لە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی لە پەروەردەی چەمچەماڵ لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان کۆبونەوە بۆ هەمان مەبەست.

شایەنی باسە تاقیکردنەوەکانی وەزاری قۆناغی ١٢ ی ئامادەیی خولی یەکەم بە هەموو بەشەکانیەوە لە ڕۆژی شەممە ٢٠٢٣/٦/٣ کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی بەیانی دەستپێدەکات.

بەهیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئاستێکی بەرز بۆ خوێندکارانمان.