بەناوی خوای خوڵقێنەری ئەفرێنەر
بە بۆنەی سەرکەوتنی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی دوانزدەی ئامادەییەکانی هەرێمی کوردستان و، ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەکانەوە، بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، پیرۆزبایی و پێزانین و پشتیوانیی خۆمان، وەک هەمیشە؛ پێشکەش بە بەڕێزان وەزیرو وەزارەتی پەروەردەو لیژنەی باڵای تاقیکردنەوە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیی و تایبەتەکان و سەرجەم ناوەندە پەروەردەییەکان و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرو مامۆستاو خوێندکاران و کەسوکاری سەربەرزی خوێندکاران و فەرمانگا حکومییەکانی هەموو هەرێمی کوردستان، دەکەین.
بەتایبەتیش؛ پیرۆزبایی و سوپاس و پێزانین و ڕێزو وەفاو پشتیوانیی خۆمان؛ پێشکەش بە بەڕێزان بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و جێگرو بەڕێوەبەرێتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرو بەڕێوەبەرایەتیی هەر دە بەڕێوەبەرێتییەکەی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەموو ناوەندەکانی خوێندن و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرو مامۆستاو کارمەندو کارگوزارو خوێندکاران و کەسوکاری سەربەرزو دانش و جوامێرو خوێندکارانی سەنگین و زیرەک و زرنگ و زەنگین و شایان و سەرجەم فەرمانگا حکومییەکانی پارێزگای سلێمانی، بەتایبەتیی سەرۆکی یەکەکارگێڕییەکان و بەڕێوەبەرێتییەکانی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆو بەرگریی شارستانیی و تەندروستیی و کارەباو ئاوو خاوەنی موەلیدە ئەهلییەکان دەکەین.
بە هیممەت و کۆشش و خۆڕەتاندن و ئارامگرتن و هەوڵ و ماندوبونی دڵسۆزانەی هەمووتان؛ بەشانازییەوە بۆ ئەمساڵی خوێندنیش پارێزگای سلێمانیتان لە ڕێزبەندی خوێندکارە دەرچووە یەکەمەکانی کوردستاندا، لە دەرچوون و بەشدارییەکانتاندا؛ کردەوە بە یەکەمی هەرێمی کوردستان.
شانازین وەک پارێزگارو پارێزگای سلێمانی؛ هەمیشە پشتیوانیی بێنەزیری کەرتی پەروەردەو فێرکردن و بەڕێوەبەرێتیی گشتیی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەییەکانی پارێزگاکەمان بووین، بە ڕەنجتان؛ گەنجتان پڕ گەوهەرکردین.
خوێندکارانی هێژا؛ هیوامان بەردەوامیی سەرکەوتنتانە لە قۆناغەکانی داهاتووی ژیان و خوێندن و خزمەتتاندا.
سەرکەوتنتان؛ پیرۆزبێت.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی