مامۆستا دڵشاد عومەر بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرپەرشتیاران و مامۆستایان و خوێندكاران و كەسوكاریان دەكات بەبۆنەی ئەو ئەنجامە بەرزانەی كە لە تاقیكردنەوە گشتییەكانی قۆناغی ١٢ـی ئامادەیی بەدەستهاتووە لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی.
بەناوی یەزدانی مەزن
خوێندكارانی ئازیز ، كەسوكاری خوێندكاران ، سەرپەرشتیاران، مامۆستایانی سەربەرز ،سڵاوی پەروەردەو زانستتان لێبێت..
ئەمرۆ دووشەممە ٢٠٢٣/٧/٣ ئەنجامی تاقیكردنەوە گشتییەکان راگەیەنرا بە هەموو بەشەكانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی ، ئەوەی پێشبینیمان دەكرد ئەو متمانەیەی كە بە ئاستی زانستی خوێندكاران وە پشتیوانی كەسوكاریان و ئاست بەرزی و وەفاداری سەرپەرشتیاران و مامۆستایان بوو دەرئەنجامەكانی سەلماندیان جارێكی كە سەربەزتان كردین بەو سەركەوتنە گەورەیە لە سنوری شاری سلێمانی شاری سەركەوتن و پایتەختی رۆشنبیرییە.
بە بۆنەی ئەو دەرئەنجامە بەرزەی كە سلێمانی لە رووی زانست و پەروەردە لە ئاستی یەكەمدا هێشتانەوە ئێوەی مامۆستای بەڕێز دەستی ماندوبوونتان دەگوشین و ئێوە شایەنی وەفاداری زۆرن.
دەمانەوێت ئەوەش بە هەموان رابگەیەنین ئەمساڵ ٢٠٢٢-٢٠٢٣ لە هەموو روویەكی تەكنیكی و رێنمایی و یێداویستیەكانەوە بەهیمەتی هەموان بە ئێشكگری بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان ، لیژنەی تاقیکردنەوەکان ،سەرپەرشتیاران ،مامۆستایان،كارگوزارەكان و وەزارەتی پەروەردە و پارێزگاری سلێمانی و جێگرەكەی و دەزگاكانی راگەیاندن لە سەرو هەموشیانەوە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و بەڕێوەبەرێتی گشتی كارەبای سلێمانی و کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كە هاوكاربوون تاقیكردنەوەكان سەركەوتووترین پرۆسە بوو. وە سوپاسی ئەنجومەنی دایکان و باوکان دەکەین لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن کە هەوڵیان داوە ئەو کەموکورتیانەی لە ناوەندەکانی خوێندندا هەیە پڕی بکەنەوە بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبار فەراهەم بێ هەم بۆ قوتابی و خوێندکار هەم بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان.دووبارە پیرۆزبای لە هەمووان دەكەین سەركەوتووبن.
هیوای سەرکەوتن بۆ خوێندکارانمان دەخوازین لە خولی دووەم
زۆر سوپاستان دەكەین و هەرشاد و سەربەرزبن.
دڵشاد عمر محمد کریم
بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی
٢٠٢٣/٧/٣