ژوری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەکات

ئەمڕۆ یەک شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٣/٧/٩ مامۆستا دڵشاد عمر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا عمر محمد امین یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، پێشوازییان لە شاندی ژوری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان كرد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، كە چەپکە گوڵیان پێشکەش بە بەڕێوەبەری گشتی و جێگرەکەی کرد بەهۆی سەرکەوتنی پڕۆسەی خوێندن و ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی و زانستی و وێژەیی و پیشەیی.

مامۆستا رەئوف حەمەعەلی ئەندامی ژوری حکومەت لەوبارەیەوە دەڵێت: بە نوێنەرایەتی ژوری حکومەت هاتوین پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی تاقیکردنەوەكانیان لێدەكەین و ستایشی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەکەین و بەرز دەینرخێنین.

لای خۆیەوە، مامۆستا دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، وتی: سوپاسی ئەم پێزانینەی ژوری حکومەتی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین، ئەم گوڵ و پیرۆزبایی و دەستخۆشیانە بۆ هەموو مامۆستایان و خوێندکاران و کەسوکاریانە کە ئێمەش پشتیوانیان بوین لە پڕۆسەکە و هانمانداون و ئەوەندەی ئیمکان هەبوە پێداویستیەکانمان بۆ دابینکردون.

سەبارەت بە دەرەنجامەکانیش، مامۆستا دڵشاد عومەر دەڵێت: دەرەنجامەکە پێمان دەڵێت لە پەروەردەی سلێمانی کێبڕکێی زانستی و پەروەردە هەیە لەنێوان مامۆستایان و خوێندکاران و خوێندنی حکومی و نا حکومی، سەرباری قەیرانەکان لە هەشت یەکەمەکە حەوتیان لە قوتابخانە حکومییەکان بون ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە و دابەشبونی یەکەمەکانیش بەپێی شوێنی جوگرافی نیشانەی ئەوەیە بە یەکسانی گرنگیمان داوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنوری ناوەوە و دەرەوەی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی”.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتریش د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لەگەڵ پیرۆزبایی و سوپاسکردن و دوپاتکردنەوەی پشتیوانیی، خەڵاتی تایبەتی پارێزگای سلێمانی بەخشییە دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای سلێمانی.