وەزیری پەروەردە بەشداری لە مەراسیمی كردنەوەی كتێبخانە و سەكۆی بەهرەی خوێندكاران كرد

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/١١/٣ بە ئامادەبوونی بەرێزان د.ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د.هەڤاڵ ابوبکر پاریزگاری سلێمانی و ڕەوەز احمد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و مامۆستا نه‌ژاد عبداللە به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی و مامۆستا ڕۆزا رووف بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات و مامۆستایان و خوێندكاران کتێبخانەی ئامادەیی زناری ئینگلیزی كرایەوە، کە یەکێکە لە کتێبخانە گەورەکانی نێو قوتابخانەکان و چەند چالاكیەكیش كە تایبەت بوو بە بەهرەی خوێندكاران پێشكەش كرا.

لەسەرەتای مەراسیمەكەدا وەزیری پەروەردە وتارێكی پێشكەش كرد سەبارەت بە داتا و زانیاری ئەو كاروچالاكیانەی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ پرۆسەی كەرتی پەروەردە ئەنجامدراوە، پاشان دەستخۆشی لە پەروەردەكارانی سنورەكە كرد بە گشتی بۆ بە ئەنجام گەیاندن و گرنگیدانی بەهرەی گەنج لە ناوەندەكانی خوێندندا.

پاشان لە لایەن بەرێزان وەزیری پەروەردە و پارێزگاری سلێمانی و بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانیەوە ڕێزلێنان پێشكەش بەو كەسایەتیانە كرا، كە هەمیشە لە خەمی پرۆسەی كەرتی پەروەردەدا بوون و هاوكار بوون لە دابینكردنی پێداویستیەكان.