ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی١١ی٢٠٢٥ دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی میوانداری مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کرد بە پرۆژەی سەردەمی نوێی پەروەردەو فێرکردن لە نێوان پێویستی و گەشەسەندندا، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری بەشەکانی دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیارو بەڕێوەبەرو یاریدەدەرو مامۆستای قوتابخانەو خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان و شارەزایانی پەروەردەیی و کەسانی ئەکادیمی، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی تیشک خرایە سەر کاروئەرکی بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان لە چوارچێوەی پرێزنتەیشنێکەوە ئامادەکرابوو بە پێی ئامارو هەموو داتاکان شیکرابۆوە و ڕونیکردەوە بۆ ئامادەبووان کە کێشەو گرفتەکانی بەردەم پەروەردە چییەو دەبێت ڕێگە چارەی بۆ بدۆزرێتەوە.
لەناو هەموو ئاڵنگاریەکاندا کە ڕووی لە پرۆسەی پەروەردە کردووە پەیوەست بوو بەو قەیرانە داراییەی کە ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆتەوە بەشێکی بەر پرۆسەی پەروەردە کەوتووە.
دواتر لەلایەن ئامادەبووان گفتوگۆیەکی تایبەت بە ریفۆرمی پەروەردەو ڕێگەچارەی پەیوەست بە دیاریکردنی نەخشە ڕێگای چارەسەری پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی کراو بەڕێزیشیان وەڵامی پێویستی خستەڕوو.
لە کۆتایدا بەڕێوەبەری گشتی کاروپرۆژەکانی خۆی لە نەخشەڕێگای پرۆژەی پەروەردەو چارەسەرکردنیان بۆ بنیادنانی پرۆژەی سەردەمی نوێی پەروەردەو فێرکردن لەنێوان پێویستی و گەشەسەندندا بۆ ئامادەبووان شیکردەوەو داوای لێکردن کە هاوکارو پاڵپشتیان بن.
پاشان بەڕێوەبەری گشتی زۆر سوپاسی دامەزراوەی ڤیژن ی کرد بۆ ئەو میوانداریەو ڕۆڵی ئەوانی بەرزنرخاند لەم دیدارەداو هەوڵ و دڵسۆزی ئەوان ببێتە ڕێگەچارەیەک بۆ پەروەردەو فێرکردن.






