بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کتێب و پێداویستی دەگەیەنێتە پەروەردەی چەمچەماڵ کە بە هۆی لافاوەوە زیان بە ژمارەیەک قوتابخانەو خوێندنگە گەیشتووە

لە درێژەی هەوڵەکان بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی خوێندن لە سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ ی ١٢ ی ٢٠٢٥ لە سەردانێکی مەیدانی مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و شاندی یاوەری لە تیمی ئەندازیاری و ژمێریاری و خزمەتگوزاری بۆ جاری دووەم سەردانی ناوچەکەی کرد.

لەوسەردانەدا بەڕێوەبەری گشتی و شاندی یاوەری وەک هەنگاوی یەکەم و بەپەلە، بڕی ٥٥ هەزار کتێبی خوێندن لە کۆگاکانی سلێمانی بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن دابینکراوە بۆئەوەی پرۆسەی خوێندن پەکینەکەوێت.

هەروەها بەڕێوەبەری گشتی لە نزیکەوە سەردانی قوتابخانەی نیشتمانی کردو چاوی کەوت بە بینای قوتابخانەکە کە یەکێکە لەو بینایانەی مەترسی ڕووخانی لەسەرە، نووسراو کراوە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی وە بەڕێزیان بەڵێنی دا بەدوواداچوون بۆ کارەکانیان بکات تاکو بتوانرێت پێداویستییە بیناسازییەکانیان دابین بکرێت و کەموکورتیەکانیان چارەسەربکرێت.

پاشان بەڕێوەبەری گشتی سەردانی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵی کرد، هاوخەمی خۆیان بۆ هاونیشتمانیانی چەمچەماڵ دەربڕی، کە بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەوە زیانیان پێگەشتووە، پرسەو سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی ئەو بنەماڵانە کرد کە ئازیزانیان لە دەستداوە، وە پاڵپشتی خۆی دەربڕی بۆ هەموو هاوکارییەک کە تواناو دەسەڵاتی بەڕێزیان بێت.

دواتر لە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی چەمچەماڵ کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا، زۆر سوپاس و دەستخۆشی لە ستاف و کارمەندانی بەڕێوەبەرێتییەکە کرد کە لە یەکەم ڕۆژەوە خەمخۆر بوون و هەوڵیان داوە بۆ گەیاندنی هەموو هاوکارییەک.

بەڕێوەبەری گشتی ڕایگەیاند ئەرکی ئێمەیە کە نەهێڵین هیچ کارەساتێکی سروشتی یان ڕووداوێک ببێتە هۆی وەستانی پرۆسەی پەروەردە، ئەمڕۆ لێرەین تا دڵنیایی بدەینە مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران کە کتێبەکانیان بۆ قەرەبووکراوەتەوە و خوێندن ئاسایی بکەینەوەو بەردەوام دەبێت.