ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی ۱۲ی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی بەڕێزان دکتۆر ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەریمی کوردستان و مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و ژمارەیەک لەبەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حوکومی و کارمەندانی پەروەردە و مامۆستایان و کەسوکاری خوێندکاران بەشداریان لەڕۆژی ئاڵای کوردستان کرد لە قوتابخانەی قەندیلی بنەرەتی لە شارۆچکەی تەکیە، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەهۆی لافاوە بەهێزەکەوە زیانێکی زۆری پێگەیشت، بە هەستێکی نیشتیمانی بەرزەوە وێڕای هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی ڕێوڕەسمی ڕۆژی ئاڵای کوردستان تێدا بەرزراگیرا.
ئەم ڕێوڕەسمە ئەمساڵ واتا و تایبەتمەندییەکی جیاوازتری هەبوو، چونکە قوتابیان و ستافی قوتابخانە پاش تێپەڕاندنی قۆناغێکی سەخت پێکەوە ڕۆژی ئاڵای کوردستانیان بەرز ڕاگرت، کە بووە هێمایەک بۆ بەهێزی و خۆڕاگری دانیشتووانی ناوچەکە.
بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی لە قوتابیان وخوێندکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات و ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە بەشێک لە پۆل و پێداویستییەکانی قوتابخانە بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە، بەڵام ئەمە نابێتە ڕێگر لە بەردەم بەرزراگرتنی ڕۆژی ئاڵای کوردستان. وەک چۆن بە هیممەتی هەمووان توانیومانە قوتابخانەکەمان تا ڕادەیەک ڕێکبخەینەوە، بە هەمان شێوەش یادی ئەم ڕۆژە دەکەینەوە بۆ ئەوەی بڵێین ژیان بەردەوامە و ئاڵاکەمان هەمیشە بەرزە و لە ناو دڵماندایە.
لە کۆتاییدا بەڕێوەبەری قوتابخانەی قەندیل سوپاسی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو لایەن و خۆبەخشانە کرد کە لە دوای ڕووداوی لافاوەکە یارمەتییان دان بۆ ئەوەی بتوانن بە زوترین کات دەرگای قوتابخانە بە ڕووی قوتابیاندا بکەنەوە و درێژە بە خوێندن بدەن.




