ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی١ی٢٠٢٦ بە بەشداری مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە ئامادەبوونی بەڕێزان مونیر سولێمانی ڕاوێژکاری کلتوری و هاریکاری ڕۆشنبیری و مارک ئەلیکسەندەر هاوپێچی هاوکاری پەروەردەی زمانەوانی فەرەنسی لە باڵوێزخانەی فەرەنسا لە بەغدادو بەڕێوەبەرو مامۆستایانی قوتابخانەی فەرەنسی دانیال میتران دابەشکردنی بڕوانامەی نیشتیمانی پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی لە قوتابخانەکە بەڕێوەچوو.
لە میانی مەراسیمەکەدا، بەڕێز مونیر وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر پەیوەندییە دێرین و ستراتیژییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فەرەنسا. بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم قوتابخانەیە وەک سیمبولێکی ئەو پەیوەندییە دەمێنێتەوە.
بەڕێز مونیر سوپاسی تایبەتی ئاراستەی بەڕێز نەژاد عبداللە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە کرد و ڕێزلێنانی پێشکەش کرد، بەو پێیەی بەڕێزیان بە درێژەپێدەری ئەو مێژووە پڕ لە خزمەتەیە و پشتگیریەکی سەرەکی کەرتی پەروەردە و پتەوکردنی پەیوەندییە زانستییەکان دادەنرێت.
لە مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی خوێندکارانی دەرچوو کردو دەستخۆشی لە مامۆستایان و ستافی کارگێڕی قوتابخانەکە کرد بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبونەی لە پێناو پێگەیاندنی نەوەیەکی زانست خواز کێشاویانە، جەختی کردەوە ئەم بڕوانامەیە سەرەتایەکی گرنگە بۆ قۆناغی ئامادەیی و داڕشتنی پاشەڕۆژێکی گەش بۆ خوێندکاران تابتوانن لە داهاتوودا خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن.
هەروەها بڕوانامەی دەرچوون بەسەر خوێندکارە دەرچووەکاندا دابەشکرا، دواتر ڕێز لە ژمارەیەک مامۆستاو کارمەندانی قوتابخانەکە گیرا ڕێزلێنانیان پێبەخشرا لە پای هەوڵ و ماندووبونیان و زیاتر خزمەت کردن بە پرۆسەی پەروەردە.





