ئەمرۆ شەممە ١٧ی ١ی ٢٠٢٦ بە بەشداریی مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کۆمەڵەی گەشەپێدانی پەروەردە پانێڵێکی ئەنجامدا.
بە ئامانجی خستنەڕووی گرفتەکان و ئامادەکاری بۆ گۆڕانکارییەکان، کۆمەڵەی گەشەپێدانی پەروەردە پانێڵێکی زانستی و پەروەردەیی لەژێر ناونیشانی “پەروەردە لە نێوان ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داخوازییەکانی داهاتوودا” ڕێکخست، لە پانێڵەکەدا کە ژمارەیەک لە پەروەردەکاران و پسپۆڕان و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و مامۆستایان ئامادە بوون.
مامۆستا نەژاد ووتەیەکی پێشکەشکرد ڕایگەیاند، ئێمە لەم پانێڵەدا کۆبووینەتەوە نەک تەنها بۆ گفتوگۆ لەسەر پەروەردە بەڵکو بۆ بیرکردنەوە لەسەر داهاتووی مرۆڤ ، چونکە پەروەردە تەنها فێرکردن و گەیاندنی زانیاری نییە، پەروەردە کاری بنچینەیی دروستکردنی مرۆڤە، پەروەردە ئەو بنەمایەیە کە کۆمەڵگە لەسەری دروست دەبێت، ئەگەر قوتابی بیرکردنەوەی جدی فێر نەکرێت ، ئەگەر مامۆستا پشتگیری نەکرێت ، و ئەگەر قوتابخانە شوێنی پاراستن و گەشەپێدانی خەیاڵ و بەهرە نەبێت، ئەوا هیچ گەشەیەکی ڕاستەقینە ڕوونادات، ئەمڕۆ پەروەردە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییە گەورەکان دەبێتەوە وەک تەکنەلۆجیا، گۆڕانی بازاڕی کار، پێویستییە نوێکانی منداڵان، کێشەی کەلتووری و کۆمەڵایەتی، لەبەر ئەوە پێویستە پەروەردەی ئێمە نوێبکرێتەوە، نەک لە پەڕتووکدا بە تەنها، بەڵکو لە شێوازی بیرکردنەوە و فێرکردن، وەک بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە باوەڕمان بەوەیە کە مامۆستا بنەمای گۆڕانکارییە قوتابی چەقی پرۆسەی پەروەردەیە قوتابخانە شوێنی ژیان و گەشەیە ، نەک تەنها بۆ فێرکردن ئامانجی ئێمە پەروەردەیەکە کە مرۆڤێکی بیرکەرەوەی متمانە بەخۆ دروست بکات و نەوەیەک کە داهاتووی خۆی و وڵاتەکەی بنیات بنێت، با مامۆستا و قوتابی پێکەوە گەشە بکەن لەگەڵ گۆڕانکاریەکان پێکەوە ڕێ بکەن و با پەروەردە بکەینە ڕێگایەک بۆ ڕووناکی، نەک بۆ تاریکی.
دواتر لەلایەن پانێڵیستەکان بەڕێزان (مامۆستا عمر محمد ئەمین پەروەردەکار، مامۆستا هێرش كەمال ڕاهێنەری پەروەردەیی، مجید عوسمان ماستەر لە زیرەكی دەستكرد) وەک قسەکەرانی سەرەکیی پانێڵەکە، جەختیان لە چەند تەوەرێك کردەوە،لەوانە دەسەڵاتەكانی ناوەندەكانی خوێندن، سوود وەرگرتن لە زیرەكی دەستكرد و كارە كارگێرییەكانیان خستە روو وە هەموو ئاڵنگاریەكانیان بۆ ئامادەبووان روونكردەوە. جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە ژێرخانی پەروەردەیی بەهێزتر بکرێت بۆ ئەوەی بڕیارەکان بە دروستی جێبەجێ بکرێن.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان کرایەوە و سەرنج و تێبینییەکان لەپێناو باشترکردنی دۆخی پەروەردە ئاڵوگۆڕ کران.







