بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی خوێندنی پیشەیی و تاوتوێکردنی کێشە و گرفتەکانی ئەم کەرتە،ئەمرۆ چوارشەممە ٢٨ی ١ی ٢٠٢٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی فێرکردنی پیشەیی و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیارانی پسپۆڕی خوێندنگە پیشەییەکان ئەنجامدا.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختکرایەوە لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پراکتیکی لە ئامادەییە پیشەییەکاندا بەجۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا بگونجێت و تاوتوێی دابینکردنی کەرەستەی پێویست بۆ خوێندکاران كرا بە شێوەیەکی سەردەمیانە مەشقە پراکتیکییەکانیان ئەنجام بدەن.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا مامۆستا نەژاد رایگەیاند پێویستە هەموو هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی ئەم کەرتە گەشەی زیاتر بەخۆوە ببینێت، وەهەروەها ئێمە لە پشتگیری بەردەوامی سەرپەرشتیاران و مامۆستایان دەبین بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پرۆسەی خوێندنی پیشەیی.
لە کۆتاییدا، ئامادەبووان سەرنج و پێشنیارەکانی خۆیان پێشکەش کرد و بڕیاردرا پلانێکی کارا دابڕێژرێت بۆ چارەسەرکردنی خێرای كێشە و گرفتەكان.

