بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێربوون و بەدواداچون بۆ پڕۆگرامە نوێیەکەی باخچەی منداڵان کە بەشێوەی ئەزموونی تاقیدەکرێتەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ۱۰ی ۲ی ۲۰۲٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان پێشوازی لە بەڕێزان ژیار اسماعیل بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان و شەوبۆ عبدالکریم بەرپرسی پڕۆگرامەکانی باخچەی مناڵان لە وەزارەتی پەروەردەکرد، ئامانجی سەردانەکە بەدواداچوونی ورد بوو بۆ ئەو پڕۆگرامە نوێیەی بە شێوەی ئەزموونی بۆ ساڵی خوێندنی ۲۰۲٥-٢٠٢٦ لە ناو شار و دەوروبەری سلێمانی تاقی دەکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە ١٠ باخچەی منداڵان هەڵبژێردراون و پڕۆگرامەکە لە هەردوو ئاستی یەکەم و دووەم جێبەجێ دەکرێت.
بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان و بەرپرسی پڕۆگرامەکانی باخچەکانی منداڵان لە وەزارەتی پەروەدە لە نزیکەوە چاودێری شێوازی وانەوتنەوە و کارلێکی منداڵان لەگەڵ بابەتە نوێیەکان دەکەن، بڕیار وایە دوای تەواوبوونی ماوەی دیاریکراو هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ ئەنجامەکان بکرێت، لە ڕێگەی ئەم هەڵسەنگاندنەوە خاڵە بەهێزەکان و ئەو پێشنیارانەی بۆ چاکسازی پێویستن دەستنیشان دەکرێن، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە پلانی ستراتیژی وەزارەتی پەروەردە بۆ نوێکردنەوەی سیستمەکانی فێربوون و گونجاندنیان لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکانی پەروەردەی منداڵان.
