لە مەراسیمێکی شکۆداردا قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە تەکیە دوای نۆژەنکردنەوەی کرایەوە

سەرەتا بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان وەک هێمایەک بۆ خۆڕاگری و دەستپێکردنەوەی پەروەردە و فێرکردن لە قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی مەراسیمەکە بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ۲ ی ٢٠٢٦ لە مەراسیمێکی شایستەدا بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ئاسۆ بەکر قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ و مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا قاسم عەلی معروف بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و پەروەردەیی قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی لە ناحیەی تەکیە دوای نۆژەنکردنەوەی کرایەوە.

ئەمەیش لەکاتێکدایە ​قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی ساڵی ڕابردوو بەهۆی لافاوەوە زیانی زۆری بەرکەوتبوو لەلایەن ڕێکخراوی کوردستان فاوەندەیشنەوە بە سەرپەرشتی د. یارا بەرزنجی بەڕێوەبەری کوردستان فاوندەیشن بە شێوازێکی سەردەمیانە نۆژەنکرایەوە و سەرجەم کەلوپەل و پێداویستییە لۆجستییەکانی بۆ دابینکراوە.

​ بەڕێز د.ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند ئەمڕۆ لێرەین بۆ دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە کەرتی پەروەردە لە پێشینەی کارەکانمانە، نۆژەنکردنەوەی ئەم قوتابخانەیە دوای کارەساتی لافاوەکەی ساڵی ڕابردوو، نموونەیەکی جوانی هەماهەنگی نێوان حکومەت و ڕێکخراوەکانی وەک کوردستان فاوندەیشن کە دەستخۆشی زۆریان لێ دەکەین، پیرۆزتان بێت و لێرەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێن.

هەروەها مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی ڕایگەیاند دەستخۆشی و پێزانینی زۆرمان هەیە بۆ کوردستان فاوندەیشن کە لە کاتێکی سەختدا ئەرکی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتییان گرتە ئەستۆ ئەم قوتابخانەیە دوای ئەو زیانە زۆرەی بەهۆی لافاوەکەی ساڵی ڕابردوو بەریکەوت ئێستا بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن و بە هەموو پێداویستییەکانەوە ئامادەیە بۆ دووبارە خوێندن تێدا، سوپاسی بەڕێزان وەزیری پەروەردە و پارێزگاری سلێمانی و هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە هەمیشە پشتیوانمان بوون، پیرۆزە لە قوتابیان و مامۆستایانی دەڤەری تەکیە.

​لە کۆتایی مەراسیمەکەدا چەند چالاکییەکی هونەری بەڕێوەچوو دواتر کلیلی قوتابخانەکە ڕادەستی بەڕێوەبەر و دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکە کرا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن، دواتر سەردانی پۆلەکان و بەشە نۆژەنکراوەکان کرا.