ئینستیتیوتی داهێنانی کوردستان تاقیگەیەکی نوێی داهێنان لە چەمچەماڵ دەکاتەوە

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی توانای زانستیی خوێندکاران ئینستیتیوتی داهێنانی کوردستان (KII) بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی ۲ی ۲۰۲٦ بە ئامادەبوونی بەڕێزان د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسۆ بەکر قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ و مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا قاسم عەلی معروف بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و پەروەردەیی بۆ یەکەم جار تاقیگەیەکی داهێنانی پێشکەوتوو لە قوتابخانەی پێنوسی بنەرەتی لە قەزای چەمچەماڵ کرایەوە.

​ئەم تاقیگەیە تەنها ژوورێکی خوێندن نییە بەڵکو دەبێتە ناوەندێکی پراکتیکی بۆ ئەوەی خوێندکاران لە نزیکەوە ئاشنای تەکنەلۆژیای سەردەم ببن و چەندین بواری گرنگ لەخۆ دەگرێت، دروستکردنی ئامێری زیرەک و کارکردن لەسەر سیستەم، ​ئینستیتیوتی داهێنانی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم پڕۆژەیە پێشتر لە ٧ قوتابخانەی حکومی و سەنتەرێکی ئۆتیزم لە شاری هەولێر بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە کردنەوەی ئەم لقە نوێیەی چەمچەماڵ هەنگاوێکی گرنگە بۆ گشتگیرکردنی پەروەردەی داهێنەرانە و گەیاندنی ئەم تەکنەلۆژیایە بە خوێندکارانی دەرەوەی شارە گەورەکان.

بەڕێز​ وەزیری پەروەردە لە کاتی کردنەوەی تاقیگەکەدا ڕایگەیاند ئامانجی ئێمە گۆڕینی سیستەمی پەروەردەیە لە شێوازە کلاسیکییەکەیەوە بۆ شێوازێکی داهێنەرانە, کردنەوەی ئەم تاقیگەی داهێنانە لە چەمچەماڵ بەشێکە لە ستراتیژی حکومەتی هەرێم بۆ گەیاندنی زانستە نوێیەکان بە هەموو شار و شارۆچکەکان بەبێ جیاوازی.

​مامۆستا نەژاد عەبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی کردنەوەی ئەم تاقیگەی داهێنانە لە چەمچەماڵ هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بۆ دەوڵەمەندکردنی پڕۆسەی خوێندن لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان. ئێمە لە پەروەردەی سلێمانی هەمیشە پشتیوانی لەو پڕۆژانە دەکەین.

لە کۆتایدا بەڕێز وەزیری پەروەدە ڕێزلێنانی بەخشیە هەریەک لە مامۆستا ئاسۆ عبدالخالق و قوتابی دانیال ئاسۆ عبدالخالق,

مامۆستا ئاسۆ لە ​بەرامبەر سەرپەرشتیکردنی بۆ داهێنانی ئامێرێک لەلایەن قوتابی ناوبراو کە دروستکردنی ئامێرێکی ئاگرکوژێنەوەیە هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.