لە پێزانینی ماندووبوونیاندا و لە هەنگاوێکی پڕ لە وەفادا بۆ ئەو دەستانەی کە بە بێدەنگی خزمەتی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ۲٥ی ۲ی ۲۰۲٦ بە ئامادەبوونی مامۆستا عومەر نوێنەری نوسینگەی بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە بەشداری مامۆستا سۆران محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی سەیدصادق و سەرپەرشتیاری یەکەمی پەروەردەی سیدصادق، بەڕێوەبەری گشتی ئێوارە خوانێکی تایبەتی بەربانگی بۆ کارگوزار و پاسەوان و باخەوانەکانی سەر بە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سەیدصادق ڕێکخست، پەیامێکی ڕوونی ڕێزگرتن بوو بۆ ئەو توێژە کە ڕۆژانە ماندوونەناسانە پارێزگاری لە ژینگەی قوتابخانەکان و شکۆی کەرتی پەروەردە دەکەن.
مامۆستا نەژاد وێڕای پیرۆزبایی مانگی ڕەمەزان، دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندووبوونی ئەم توێژەی پەروەردەی قەزاکە کرد لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیاندا و جەختی کردەوە کە کارگوزار و پاسەوانەکان و باخەوانەکان بەشێکی دانەبڕاون لە سەرکەوتنی پرۆسەی پەروەردە و پاراستنی ژینگە و سەلامەتی قوتابیان و خوێندکاران، دانیشتنی بەڕێوەبەری گشتی لەسەر یەک خوان لەگەڵیان وێنەیەکی جوانی یەکسانی و برایەتی لە مانگی ڕەمەزاندا نیشاندا، ئەم ئێوارە خوانە دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە و بەبێ بەربەست سەرنج و پێویستییەکانی خۆیان بگەیەننە بەڕێوەبەری گشتی.
ئامادەبووان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیە و ئاماژەیان بەوە کرد کە ئەم ڕێزگرتنە ورەی زیاتر بە کارکردنیان بەرزدەکاتەوە.






