لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە تواناکانی قوتابیان و خوێندکارانی خاوەن پێداویستی تایبەت و دروستکردنی کەشێکی دەروونی ئارام بۆیان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ۷ی ۳ی ۲۰۲٦ لەسەر ئەرکی بەڕێز ڕەوەز ئەحمەد شا ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و مامۆستا هەنسک عوسمان لێپرسراوی هۆبەی پەروەردەی تایبەت لە فێرکردنی نائاسایی و بەڕێوەبەرانی بەشی خزمەتگوزاری و مۆزەخانەی پەروەردەیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان بەبۆنەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە ئێوارەخوانێکی تایبەتی بۆ کۆمەڵێک لە قوتابیان و خوێندکارانی پەروەردەی تایبەت ( داون، نابیستان ، نابینا ) لە کەشێکی خێزانی و دۆستانەدا سازکرد.
مامۆستا نەژاد عبداللە سوپاس و دەست خۆشی لە کاک ڕەوەز کرد بۆ گرتنە ئەستۆی ئەم ئێوارەخوانە بۆ پشتیوانیکردنی ئەم چینە و ڕایگەیاند هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمان بۆ خزمەتکردنی ئەم قوتابی و خوێندکارە ئازیزانە نیشانەی خەمخۆرییە بۆ ئایندەی ئەوان و دابینکردنی مافە یاسایی و پەروەردەییەکانیان.
بەڕێوەبەری گشتی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم چینە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی کۆمەڵگەن و وەزارەتی پەروەردە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ماف و لێهاتووییەکانیان دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ورەی قوتابیان و بەردەوامبوون لە خوێندن، وەهەروەها مامۆستا نەژاد عبداللە سوپاسگوزاری بۆ مامۆستایانی ماندوونەناسی بەشی پەروەردەی تایبەت دەربڕی، ڕایگەیاند ئەرکی ئێمەیە نەک تەنها لە ڕووی زانستییەوە بەڵکو لە ڕووی مرۆیی و کۆمەڵایەتیشەوە لە گەڵ ئەم کوڕ و کچە ئازیزانەماندا بین، ئەوەی ئەوان پێشکەشی دەکەن جێگەی شانازییە و ئێمەش بەردەوام دەبین لە دابینکردنی باشترین ژینگەی خوێندن بۆیان.
لە کۆتایی ئێوارەخوانەکەدا، قوتابیان و بنەماڵەکانیان خۆشحاڵی خۆیان بەم دەستپێشخەرییە دەربڕی و بە هەنگاوێکی گرنگیان وەسف کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان ناوەندەکانی خوێندن و قوتابیان و خوێندکاران.




