بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەفتەی پەروەردەیی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی زانستی، شاندێکی باڵای وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگیان لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا ئەنجامدا.
شاندەکە پێکهاتبوون لە مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەشێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.
لە سەرەتای سەردانەکەدا و لە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ٣ی ٢٠٢٦ شاندەکە لەلایەن بەڕێز دارەوان حاجی حامید نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا پێشوازییان لێکرا، لەو دیدارەدا بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی تابلۆیەکی هونەری و کتێبی دوای شەست ساڵ تەمەن بیرەوەرییەکانی سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی پێشکەش بە نوێنەرایەتییەکە کرد.
یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەم سەردانە، کۆبوونەوە بوو لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دامەزراوەی (NEBRIJA) و زانکۆی نێبریخا و بڕیار درا دەرفەتی خوێندن (سكۆلەرشیپ) بۆ خوێندکارانی دەرچووی پۆلی ١٢ی ئامادەیی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی مەدرید دابین بکرێت وە هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر پڕۆژەی هێنانی مامۆستای زمانی ئیسپانی بۆ هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر فێربوونی ئەم زمانە هەیە.
شاندەکەی وەزارەتی پەروەردە سەردانی قوتابخانەی(مۆنتۆسۆری)یان لە مەدرید کرد و لەگەڵ(لیۆنۆر مارچ )ی دامەزرێنەری قوتابخانەکە کۆبوونەوە، ئامانجی ئەم دیدارانە ئاشنابوون بوو بە نوێترین تەکنیکەکانی فێربوون و گواستنەوەی ئەزموونی ئیسپانیا وەک وڵاتێکی پێشەنگ لە سیستمی مۆدێرنی پەروەردەدا بۆ هەرێمی کوردستان.
لە کۆتا ڕۆژەکانی سەردانەکەدا ١٣ی ٣ی ٢٠٢٦ شاندەکە لەگەڵ بەڕێز (خۆسێ کارلۆس فێرناندێز) بریكاری وەزیری پەروەردەی هەرێمی مەدرید کۆبوونەوە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە داڕشتنی پلان و پڕۆگرامی هاوبەش بۆ خزمەتکردنی مامۆستایان و خوێندکاران، وە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و وەزارەتی پەروەردەی ئیسپانیا لە ڕێگەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمەوە.
لە درێژەی دیداروسەردانەکانیان لەگەڵ بەڕێزان (لوسیا گۆمێز ئاسێبۆ) بەڕێوەبەری گەشەسەندنی نێودەوڵەتی و (خێسوس گوۆدێمار پێرێز) بەڕێوەبەری گەشەسەندن و پرۆژەی زانکۆیی، زانکۆی نێبریخا کۆبوونەوە لەم دیدارەدا گفتوگۆ لە بارەی بەرنامە و جێبەجێکردنی هێنانی مامۆستای زمانی ئیسپانی بۆ هەرێمی کوردستان کرا، بە ئامانجی گرنگیدان بۆ ئەو خواستە زۆرەی کە لەلایەن فێرخوازانەوە هەیە بۆ فێربوونی زمانەکە لەهەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا تیشک خرایە سەر وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان کە لە پاش دەرچوون لە قۆناغی ئامادەیی، بتوانن لە زانکۆی نێبریخا دەست بە خوێندنی بەکالۆریس بکەن و گەشە بە خوێندنی خۆیان بدەن، لە کۆتایی سەردانەکەیاندا مامۆستا نەژاد عبدالله ستایشی ڕۆڵی کاریگەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کرد لە ڕێکخستنی ئەم دیدارانە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوانە دەبنە بنەمایەک بۆ گۆڕانکارییەکی جۆری لە کەرتی پەروەردەی کوردستاندا.
