بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی سەردانی خانەوادەی قوتابی (میهناز بەهادین) دەکات

لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوە و ئاگاداربوون لە ڕەوشی قوتابیان و خوێندکاران، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٣٠ی ٣ی ٢٠٢٦ بەرێز مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی بە نوێنەرایەتی بەرێز د. ئالان حمە سعید صالح وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەیاوەری مامۆستا جمال پێنجوێنی بەڕێوەبەری بەشی خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان، سەردانی خانەوادەی قوتابی (میهناز بەهادین) كرد، قوتابی قۆناغی پێنجی بنەرەتی یە لە قوتابخانەی مەشخەڵ لە سنوری پەروەردەی رۆژئاوا، كە پێویستی بە (نەشتەرگەری تۆری چاو و دانانی عەدەسە) هەیە بەهۆی خراپی بارودۆخی ئابورییان نەیانتوانیوە نەشتەرگەریەكە ئەنجام بدەن، پاش گەیاندنی پەیامی خانەوادەی ناوبراو بۆ بەرێز جەنابی وەزیری پەروەردە لە لایەن مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، جەنابی وەزیری پەروەردە ئەركی نەشتەرگەریەكەی گرتە ئەستۆی خۆی.

لەم بەسەرکردنەوەیەدا بەڕێوەبەری گشتی لە نزیکەوە ئاگاداری بارودۆخی تەندروستی ناوبراو بوو و جەختی كردەوە ئەرکی ئێمەیە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی نەک تەنیا لە ڕووی خوێندنەوە، بەڵکو لە ڕووی مرۆیی و مادی و کۆمەڵایەتیشەوە لەپشت قوتابی و خوێندکارەکانمان دەبین، پاشان هاوكاریەكەی جەنابی وەزیری پەروەردەی گەیاندە دەست خانەوادەی قوتابی ناوبراو.