ئەمڕۆ پێنج شەممە ۲ـی ٤ـی ۲۰۲٦ مامۆستا نەژاد عبدالله بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی پێشوازی لە یوسف حاجی یونس بەڕێوەبەری هونەری و هەوراز محمد بەڕێوەبەری بەرنامەکان لە کەناڵی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا باس لە چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرا بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری کەرتی پەروەردە و گەیاندنی زانیاری بە قوتابیان و خوێندکاران.
لە و دیدارەدا بڕیاردرا وانەکانی پڕۆگرامی خوێندنی قوتابخانە و خوێندنگەکان لە ڕێگەی کەناڵی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە بگەیەنرێتە هەموو ماڵێک.
کەناڵی ناوخۆیی +GK وانەکان پەخش دەکات بۆ ئەوەی زۆرترین قوتابی خوێندکار سوودمەند بن، کەناڵەکە لەسەر ئامێر و سۆفتوێرە باوەکانی وەک iStar، One Box، Mix Media و سیستەمە هاوشێوەکانی تری پەخشی ناوخۆیی بەردەست دەبێت لە کاتژمێر ۳ ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲ـی ٤ وانەکانی کەناڵی پەروردەیی پەخش دەکات.
ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پلانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دێت بۆ بەهێزکردنی لایەنی فێربوونی ئەلیکترۆنی و دابینکردنی سەرچاوەی زیاتری خوێندن بۆ قوتابیان و خوێندکاران لە دەرەوەی هۆڵەکانی وانە ووتنەوە.
مامۆستا نەژاد سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی کەناڵی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و کۆمپانیای میکس میدیا دەکات بۆ نیشاندانی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پەروەردەیی، هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە هاوکارییانە لە نێوان دامەزراوە حکومییەکان و کەرتی میدیایی دەبێتە ئاسانکارییەکی گەورە بۆ گەیاندن و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی کە ئەمەش جێگەی بایەخ و پێزانینی زۆری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانییە.
لە ڕێی ئەم لینکەی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە دەتوانن بینەری کەناڵە پەروەردەییەکان بن
https://www.gksat.tv/KU/Parwarda


