لە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیدا بۆ گوندی قەرەگۆل لە شارەزوور، ئەمڕۆ ٥ـی ٤ـی ۲۰۲٦ بەڕێز شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، زیانەکانی لافاوی چەند ڕۆژی ڕابردوویان لە ئامادەیی قەرەگۆل بەسەرکردەوە.
لە کاتی سەردانەکەدا هەریەک لە بەڕێزان ڕزگار غەفوور قائیمقامی قەزای شارەزوور و سەلام عومەر بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن وژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەمنی ناوچەکە یاوەریان بوون و لەلایەن بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور و ستافێکی پەروەردەوە پێشوازییان لێکرا.
لە بەسەرکردنەوەکەدا دەرکەوت کە بەهۆی لافاوەکەوە بەشێک لە دیوارە ڕاگرەکانی خوێندنگەکە ڕووخاون، ئەمەش مەترسی جدی لەسەر یاریگای خوێندنگەکە و خودی بیناکەش دروست کردووە.
دەستبەجێ بڕیاردرا سبەینێ لیژنەیەکی ئەندازیاری پارێزگا دەست بە ئامادەکردنی دەرخستەی تەکنیکی بکەن و لەسەر دوو ئاڕاستە کاربکەن، سەرەتا گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکە و پاشان نۆژەنکردنەوەی دیوارە ڕووخاوەکە بۆ لابردنی هەر مەترسییەک.
لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانیانیان ئاراستەی تیمی ئەندازیاری ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە کرد کە لە پەرۆشییان بۆ کەرتی پەروەردە بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی لافاو لە خوێندنگەکە.



