خەندە بۆ لۆزان و محەمەد دەگەڕێتەوە و کلیلی ماڵێکی ئاوەدان پێشکەش بەو دوو خوێندکارە دەکرێت

( ئێوە بخوێنن ئێمە پشتیوانین )

لەسەر ئەركی نوسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماڵی ئەو دوو خوێندکارەی بازیان نۆژەنکرایەوە کە سوتابوو، پەروەردە و خێرخوازان پێکەوە خەمی دوو خوێندکاریان ڕەواندەوە، ئەمڕۆ شەممە ١١ ی ٤ ی ٢٠٢٦ بە ئامادەبوونی مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە مەراسیمێكدا ڕادەستکردنی کلیلی ماڵی هەردوو خوێندکار (لۆزان جاسم قۆناغی ٨ی بنەڕەتی) و (محەمەد جاسم قۆناغی ١٠ی ئامادەیی) لە قەزای بازیان بەڕێوەچوو.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە، ماڵی ئەم دوو خوێندکارە زیانی زۆری بەرکەوت و بە تەواوی سوتا لەسەر ئەرکی نووسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نۆژەنکردنەوەی تەواوی خانوەکە گرتە ئەستۆ، وەهەروەها لە کارێکی مرۆیی هاوبەشدا لەلایەن دوو کەسی خێرخوازەوە سەرجەم پێداویستییەکان و کەلوپەلی ناوماڵ بۆ خانەوادەکە دابینکراوە و تاوەکو ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندنی لۆزان و محەمەد و ژیانی خێزانەکەیان بگەڕێتەوە.

لەكۆتایدا مامۆستا نەژاد عبداللە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی دەستخۆشییەکی تایبەت لە نووسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەین کە بەدەم خەمی ئەم خێزانە و ئەم دوو خوێندکارەوە هاتن، هەروەها سوپاسی ئەو خێرخوازە بەڕێزانە دەکەین کە بە دابینکردنی پێداویستی ناوماڵەکە خەندەیان بۆ سەر لێوی ئەم خوێندکارانە گەڕاندەوە. ئەرکی ئێمەیە ڕێگری بکەین لەوەی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ببێتە بەربەست لەبەردەم پڕۆسەی خوێندنی منداڵەکانمان، لە کۆتایدا ڕووی کردە دوو خوێندکارەکە و پێیووتن هیوادارم ئەم نۆژەنکردنەوەیە ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ سەرکەوتنی زیاترتان لە خوێندندا.